بافڵ تاڵەبانی لە بارەی دۆخی یەکێتی روونکردنەوە دەدات بە کونسوڵی هۆڵەندا

لڤین:
هاوسەرۆكی یەكێتیی كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان کۆبویەوە و تیایدا رایگەیاند ئەوان کار بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد دەکەن و لە بارەی گۆڕانکاریەکانی ناو حزبەکەشی روونکردنەوەیدا.
ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، لە دەباشان پێشوازیكرد لە هانس ئاکیربووم، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان باسیان لە پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێم و عێراق و دۆخی ناوخۆی یەكێتی کرد.
تاڵەبانی رایگەیاند، ئامانجی ئێمە یەكڕیزی كورد و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەیە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان. کۆدەنگی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان و یەکخستنی ناو ماڵی کوردە.
هاوسەرۆکی یەکێتی وتیشی: دەمانەوێت یاسا سەروەربێت و روبەڕوی گەندەڵی ببینەوە قاچاخچێتی، دەستخستنە بینەقاقای بازرگانان بنبڕ بکەین و رێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بگرین.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی رایگەیان: هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا روویانداوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و گەڕاندنەوەی شكۆ بووە بۆ یاسا. دوورخستنەوەی ئەو كەسانە بووە كە یەكێتییان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكارهێناوە و لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون.
لە کۆبونەوەکەدا باس لە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کرا و هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد ئەوان لەگەڵ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانن و بۆ ئەوەش یەكێتی ئامادەی هەموو پشتیوانییەكە.