لەئاڵاکەی تارانەوە بۆ بەئامانجگرتنەکەی ھەولێر

 ھەرێم لەبەردەم ئاڵنگاری نوێدا
ھەڵکرنی ئاڵای کوردستان لەپێشوازی سەرۆکی ھەرێم ودواتر ڕونکردنەوەکەی قسەکەر بەناوی وەزارەتی دەرەوە کە ئەوە ھەڵەیەکی پڕۆتۆکۆلی بوەو ڕوداوەکەی ھەولێر ھاوکات لەگەڵ سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژەو پەیامی تایبەت بەخۆیان ھەڵگرتووە. ڕەنگە باس لەبەسەرچونی قۆناغێك و دەستکردن بەقۆناغێکی نوێ بێت لە پەیوەندی بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ھەولێر، ئەگەر بەییاننامەکەی دیموکرات دەربارەی تیرۆرکردنی باباخانی وەك زانیاری وەربگرین، وە بسەلمێت کردەکە کاری دەزگا ھەواڵگرییەکانی تارانە، دەتوانین بەشێ لەسیماکانی ئەم قۆناغەو ئایندەو پەیام و ئاماژەکان، بەم جۆرەی خوارەوە کورتبکەینەوە:
١- دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندی و مامەڵەی تاران لەگەڵ ھەولێر کە قبوڵی دۆخی پێشوتر ناکات و داوای خۆ یەلایکردنەوەی ھەولێر دەکات لەنێوان تاران و واشنتۆندا. بەتایبەتیش دوای جێبەجێکردنی بڕیاری چونەدەرەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا. ھەڵکردنی ئاڵاکە واتە ئامادەیی ئێران بۆ لەخۆگرتنی ھەرێم بەمەرجی خۆڕێکخستنەوە بەگوێرەی ئەندازەو پێوەرەکانی تاران، بەدەر لەوە ئەوەی تائێستا کراوە بەھەڵە دادەنرێت و ڕەوایەتی لەھەندێك دانپیانان و مامەڵە وەردەگیرێتەوەو ستراتیژێکی نوێ کاری پێدەکرێت. ھاوکاتبونی ڕوداوەکەی ھەولێرو بونی شاندی ھەرێم لەتاران و ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی دەرەوەش بەسەریەکەوە بۆنی ئەمەیان لێدەکرێت.
٢- ئیحراجکردنی ھەولێرو پارتی، کە نابێت پێتان وابێت ھەرێم سەبارەت بەتاران و نفوزو بەرژەوەندی و ئازادی جوڵەی ئەو، دو زۆن و سیاسەتی جیاوازە، ھەر لەوێشەوە جورئەت بەخۆیان بدەن بکوژانی قادری قادری فەرماندەی سەربازی دیموکرات دەستگیر بکەن و دادگاییان بکەن و سزای لەسێدارەدانیان بۆدەربکەن، یاخود میوانداری سەرکردەكانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی لە شاشەکانی نزیك لەخۆیان بکەن و دوای بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەن. یاخود پێیان وابێت ڕوداوەکانی ئەم دواییەی نێوماڵی یەکێتی کار لە ئامادەیی کۆماری ئیسلامی لە ھەرێم دەکات، چونکە ئەوە تارانە لە ھەرێم سنور بۆ خەڵك و ھێزەکان و ڕێاساکانی گەمەکە دادەنێت نەك بەپێچەوانەوە. ڕەنگە ھەڵبژاردنی ھوتێلی گوڵی سلێمانیش، لەم ڕوەوە ماناو ئاماژەی تایبەت بەخۆی ھەبێت.
٣- ئاماژەدان بەدۆخێکی نوێ سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لەھەرێمدا، پێدەچێت، تاران لەبیری ئەوەدا بێت لێکتێگەیشتنەکانی رابردوی نێوان ھەرێم و خۆی دەربارەی ئەوان ھەڵبوەشێنێتەوە؟ لانی کەم سەرلەنوێ بونیان بکرێتە ئشکالیەت و بابەتی گفتوگۆی نوێ. واتە لەبری ئەوەی کارتی فشاربن بەدەست ھەرێمەوە، کە پارتی ھەندێ کات بەو ھەناسەوە مامەڵەی دەکرد، وە بابەتی چاوتێبڕینی ھەندێ ھێزی نێودەوڵەتی بن لەھەندێك چرکەساتدا کە دەخوازرێت تاران بخرێتە ژێر فشارەوە، ببنە کارتی بەدەستی تاران و ئامرازی فشار بۆسەر ھەرێم و حسابی نیمچە بارمتەیان لەگەڵدا بکرێ؟ ھەر لەم چوارچێوەشدا وەرزێکی نوێی پاکتاوکردنیان دەستپێبکات. لێرەشەوە بژاردەی قبوڵکرنی مانەوەیان بەھەندێ کۆت و بەندی نوێ و سازشی ھەرێم لەھەندێ دۆسیەدا تا داوای دەرکردنیان لەڕێی تاران خۆی و بەغداوە، لەبەردەم تاراندا کراوە بێت. ھەرئەمەش بکرێتە بیانویەکی نوێ بۆئەوەی لەکاتی پێویستدا ھێزەکانی حەشدی شەعبی فشاربخەنە سەر ھەرێم و ببنە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆی.
بەم جۆرەش بەئامانجگرتنەکەی ھەولێر دەبێتە تەواوکەری پەیامی ھێرشی کاتیوشاو درۆنەکانی ھەندێ گروپی چەکداری عێراقی بۆسەری؟ ھەر لەم نێوەندەشدا دەکرێت بیرمان بۆ بەیەکەوە گرێدانی ئەگەری پاکتاوکردنی قەندیل و جوڵانەوەی کوردی ڕۆژھەڵات لەچوارچێوەی ڕێکكەوتنێکی ھەرێمایەتیدا بچێت، لەپێناو ڕازیکردنی تاران و لاوازکردنی ھەرێمدا، ئەوکاتە دەرگای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆش زۆرتردەکرێتەوە.
بەکورتی ئاماژە سەرەتاییەکان بۆ ئه‌وە دەچن، ھەرێم لە قۆناغی داھاتودا ڕوبەڕوی ھەلومەرجێکی سەختر ببێتەوەو گۆڕەپانی ھەندێ یاریکردنی لەبەردەمدا بچوکتر ببێتەوە؟ فشاری زۆرتری بخرێتە سەرو بخرێتە بەردەم ھەڕەشەی جددی ترەوە. کارکردن بۆ توندتر نەبونی ئابڵۆقەکان، کە تێگەیشتنی پەکەکە بۆ دۆخی ھەرێم دەخوازێت، لەپێناو رونەدانی شتی نەخوازراو لەم ڕوەوە، ناوخۆیەکی کۆکراوە، ئامادەگی جددی لە بەغدا (ئەگەر دوای ھەڵبژاردن و تەنانەت لەساتێکی دیاریکراودا یارییەکە لەوێش تێکنەچێت و دەسەڵات کۆنتڕۆڵ نەکرێت و سەرۆکێکی وەکو رەیسی کە ڕەمزی یەکگرتنەوەی شۆڕش و دەوڵەت و ھەماھەنگبونەوەی توانا ئینقیلابییەکانە، بەسەڵاحیەتی مورشیدەوە جڵەوی دەسەڵات لەبەغدا بەدەستەوە نەگرێت) خێراکردن لەھەنگاوەکانی چاکسازی بۆ ڕێگەگرتن لەھەرەسپێھێنانی ئابوری و گێرانەوەی پێشمەرجەکانی بەھێزکردنەوەی ھاوچارەنوسی لەنێوان ھێزەکان و گەلی باشوردا جوانتر ئیدارەدانی پەیوەندییەکان و لەوانەش لەگەڵ تاران بەلەبەرچاوگرتنی گۆراوەکان، بەشێکن لە پێویستیەکانی روبەروبونەوەی ئەگەرەکانی داھاتوو. ھەموو ئەمەش ئەگەری ئەوە ناسڕێتەوە گۆرانکارییەکانی ناوچەکە بەجۆرێکی دراماتیکی وا بچنە پێش، ڕێسای نوێی گەمەی سیاسی بێنە پێشەوەو ھەرێم لەبری کەوتنە بەردەم ھەڕەشەی لەقاڵبدان و لەناوچون، قوڵایی ستراتیژیی نوێی بۆ پەیدا ببێت و کوردیش دەرفەتی نوێی بێتە پێش و پەیوەندییەکانیش لەگەڵ تاراندا، لەبەرگێکی نوێدا، پەرەسەندنی گەورە بەخۆوە ببینن. لەھەموو حاڵەتێکدا بوونی خۆمان و خۆئامادەکردن بۆ خراپترین سیناریۆ، بەشێکن لە زەرورەتی قۆناغەکە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button