لەبارەی بڕینی دەرماڵەی بڕاوە ( مقطوع)ی مامۆستایان ڕوونکردنەوە دەدرێت

لڤین:

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم بابەتە ھیچ بنەمایەکی نییە و ھیچ نووسراوێکی فەرمی لەمبارەیەوە دەرنەچووە.

پاش ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نوسراوێک بڵاو بوویەوە ناڕەزاییەکی زۆری لە ناو مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، تێیدا ئاماژە بە چەند خاڵێک کراوە بەم شێوە:

دەربارەی_ڕێکخستنی_میلاکات

#پێویستە مامۆستای میلاک لە قۆناغی بنەڕەتی لە مانگێکدا (١٠٠) بەشەوانە بڵێتەوە … ئەگەر کەمتر بوو لە (١٠٠ )ئەوا بۆ هەر بەشەوانەیەک ( ١٥٠٠) دیناری لێدەبڕێت. #پێویستە مامۆستای میلاک لە قۆناغی ئامادەیی (٩٢ ) بەشەوانە بڵێتەوە .. ئەگەر کەمتر بوو بۆ هەر بەشەوانەیەک (١٦٣٠ ) دیناری لێدەبڕدرێت.

#بەمەش_یەکەم وەزارەتی پەروەردە مامۆستایانی میلاک ناچار دەکات زۆرترین بەشەوانە بڵێتەوە تاوەکو مووچەکەی نەبڕێت.

#دووەم ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە و فشاری وانەبێژان چ لە ڕووی مادی و چ لە ڕووی خۆپیشاندان و ڕاگەیاندن کەم دەبێتەوە لەسەر وەزارەت.

#سێیەم ئەو پارەی لە مامۆستایانی میلاک دەبڕدرێت بۆ هەر بەشەوانەیەک کە بریتیە لە ( 1500 ) بۆ بنەڕەتی و (1630) بۆ ئامادەیی ئەگەر مامۆستایانی میلاک تەنها دوو بەشەوانە کەمتر بڵێنەوە پارەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ حکمومەت و شایستەی وانەبێژان هەر لەو پارە دابین دەکاتەوە.

سامان سیوەیلی وتەبیژی وەزارەتی پەروەردە، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی وەزارەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە،” سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نوسراوێک لە سۆشیال میدیا کە تیایدا ئاماژەکراوە بە دەرماڵەی بڕاوە ( مقطوع)ی مامۆستایان و چۆنیەتی خەرجکردنی لەسەر بنەمای بەشەوانە، ڕایدەگەیەنین ئەم بابەتە ھیچ بنەمایەکی نییە و ھیچ نووسراوێکی فەرمی لەمبارەیەوە دەرنەچووە بۆ ئەم بابەتە و دەستکاریکردنی دەرماڵە لە دەسەڵاتی وەزارەتمان نیە”.

دەقی نوسراوەکە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button