زۆرترین ژماره‌ی ڤاكسین گەشتە عێراق

لڤین:

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، ئه‌مڕۆ زۆرترین ژماره‌ی ڤاكسینیان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، كه‌ له‌ سه‌رووی دوو ملیۆن دانه‌یه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ ( یەک شەممە، ٨ی ئابی ٢٠٢١ ) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاویکردووەتەوە، رایگه‌یاندووە، “ئه‌و ژماره‌‌ ڤاكسینه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه‌، زۆرترین رێژه‌ بووه‌ كه‌ تا ئێسیتا له‌ رۆژێكدا پێیان گه‌یشتبێت و له‌ هه‌ردوو جۆری ڤایزه‌ری ئه‌مه‌ریكی و سینۆفارمی چینی پێكهاتوون”.

ئاماژه‌ بەوەیشدراوە،” ئه‌و بڕه‌ ڤاكسینه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه‌، به‌سه‌ر ته‌واوی پارێزگاكانی عێراقدا دابه‌ش ده‌كرێت، به‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، وێڕای ئاواره‌ی كه‌مپه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری، ناوخۆ و ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبین”.

بە پێی داتاکانی وەزارەتەکە بێت تا ئێستا زیاتر له‌ ١٩ هه‌زار كه‌س له‌ عێراق به‌هۆی كۆرۆنا‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و سه‌رووی ملیۆنێك و ٧٠٠ هه‌زار كه‌سیش تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوونه‌.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button