كورد وئاگرەكەی توركیا

رەهەندی میدیایی لە جەنگی سێیەم دا

شەڕی نوێ بەپلەی یەكەم شەڕێكی رانەگەیەنراوە، هەموو كایەكانی ژیان دەگرێتەوە، ئەو شەڕانە زۆر بەخێرایی سەرهەڵدەدەن وبەشێوەیەكی ستوونی گەشە دەكەن، هەمیشە مەترسی ئەوەیان لێدەكرێت لە چركەیەك لە چركەكان بەخێرایی بڵاوببنەوە وجەنگێكی جیهانی گەورە دایسێنن.
شەڕی نوێ بە پلەی یەكەم شەڕێكی میدیاییە، میدیا رۆڵێكی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە ئامادەكردنی گۆڕەپانی شەڕ، لەبەرئەوەی لەسەردەمی شۆڕشی گەیاندندا باشترین ئامڕازە بۆئەوەی بەرەوەی ناوەوەی دوژمن بكرێتە گۆرەپانی سەرەكی شەڕو لەناخەوە كۆمەلگاكان هەلتەكێنێت.
ئەگەر لەماوەی رابردوو، واتە لەقۆناغی شەڕی یەكەمی سارددا سیخوڕەكان رۆڵی تیكدانی بەرەی ناوەخۆیان بینیبێت، لەسەردەمی نویدا میدیاكان ئەو رۆڵە دەگێڕن، كە تێچوونی زۆر كەمترەو مەترسیش لەسەر ژیانی جەنگاوەرەكان زۆر كەمترە، تەنانەت زۆرجاران جەنگاوەر لەناو خودی دوژمندا دروست دەكرێت ولەپەنای وڵاتپارێزی وئازادیەوە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەخرێنە كار، لەشەڕی ساردی نوێدا میدیا ئەو سەربازە، یاخود ئەو سیخوڕە نەبینراوەیە لەرێگای تیشكەكانەوە دەچێتە ماڵی هەمووتاكێك وچۆنی بوێت وا ئاڕاستەی دەكات، ئەمە كارەساتێكی زۆر گەورەیە ولە ئێستادا گەورەترین هەڕەشەی بۆ سەر كۆمەڵگای كوردی دروست كردووە!.
میدیا لە كوردستان نەك بۆتە هۆی بەرەو پێشوەبردنی ئازادیەكان، بەڵكو ئازادیەكانیشی لە بەها راستەقینەكانی خاڵی كردۆتەوە، بۆتە ئامڕازێك شەڕی كەلتوور وزمان وهەموو بەها رەسەنەكانی كۆمەڵگای كوردی پێدەكرێت، تەنانەت زۆر جاران لە دوژمنە هەرە سەرسەختەكانی كورد زیاتر خزمەت بە دوژمن دەكات وئازاری گەورەتر بەكورد دەگەیەنێت. ئێستا دوژمنانی كورد گەیشتوونەتە قۆناغێك پێویستیان بەوە نەماوە، یاخود زۆر كەمبۆتەوە، سیخوڕ ئامادە بكەن وبینێرنە هەرێمی كوردستان، بەڵكو بەشێكی هەرە زۆری میدیاكان وتەنانەت تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش ئەو ئەركە زۆر بەجوانی رادەپەڕێنن، بەناوی شانازی نەتەوەییەوە، دوژمن پەلكێش دەكەن وتۆمەتی ناڕەوا بۆ میللەتەكەی خۆیان دەهۆننەوە، نەك بە تەنیا ژن وپیاو گەنجەكانیش، بەڵكو منداڵانیش دەكەنە كەرەستەیەك بۆ ئەو شەڕە وهەندێك تۆمەتیان دەخەنە پاڵ، كە هەرگیز لەگەڵ روحی پاكی منداڵاندا ناگونجێت.
جێگای داخە، كە زۆرینەی میدیاكان وبەناو رۆژنامەنووسانی كوردستان نەك هەر لەئاستی بەرپرسیاریەتی نیشتمانیدا نین، بەڵكو بوونەتە بارێكی گران ومەترسیەكی گەورەش بەسەر نیشتمانەوە دەبێت گەنج و رۆشنبیران ومیدیاكارانی كورد تێبگەن، دوژمنە سەرسەختەكانی كورد لە هەندێك دۆخدا دەیانەوێت كێشەكان وشكستەكانی خۆیان لەرێگای كوردەوە هەناردەی دەرەوە بكەن، بەمەش لەلایەك رێگا بۆ هەنگاوێكی تر بۆ داگیركردنی كوردستان خۆش دەكەن، لەلایەكی خۆیان لە تووڕەیی خەڵكی خۆیان دەدزنەوە ورای گشتی وڵاتەكانیان بەلاڕێدا دەبەن.
بۆ نمونە وڵاتێكی وەكو توركیا، كە بەهۆی ئەو ئاگرەوە، كەوتۆتە لێواری داڕمان وئابووری ئەو ولاتە خەریكە دەپووكێتەوە، سەرباری ئەوەی دووەمین گەورەترین سوپای ناتۆی بە هەزاران چەكدار وتۆپ وجبەخانەی هەیە، نەیتوانیوە ئامڕازی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانێكی لەو شێوەیەی ئێستا دابین بكات وگەلەكەی لەبەردەم چارەنووسێكی نادیاردا هێشتۆتەوە، بۆیە بەدوای دوژمنێكدا دەگەڕێت تۆمەتەكەی بخاتە پاڵ، دیارە باشترین وئاسانترین وئامادەترین دوژمنیش كوردە، بۆیە بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات كورد تۆمەتبار بكات، میدیاكانی توركیا، بەتایبەتیش میدیای هێزە فاشیست وتوندرەوەكان، بەگەرمی بۆ ئەو تۆمەتباركردنە كەوتوونەتە كار، كەچی میدیای كوردی لەجیاتی ئەوەی بەرەنگاری ئەو هەوڵە ترسناكە بێتەوە، بەشێكیان بەشانازیەوە ئەو پڕوپاگەندانەی توركیا بڵاودەكەنەوە ووەك خەباتێكی نیشتمانی نیشانی خەلكی كوردستانی دەدەن، لەكاتیكدا ئەوكارە لێدانە لە ئاسایشتی نیشتمانی هەرێم وخەڵكەكەی دووچاری شەڕێكی نابەرانبەر دەكاتەوە، كە هەرگیز پیویستی پێی نیە!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button