مێژوو وەك پەند

لە پاش كەوتنی بەعس (2003) پێنج توێژەری ئەمەریكی، لەگەڵ پێنج ژەنەراڵی پلە باڵای ڕژێمی پێشوو لە هێزە جیاجیاكان (گاردی كۆماری، دەریایی، پیادە) كۆمەڵێك چاوپێكەوتنی ورد و درێژیان سازكردووە و دواتر لە دووتوێی كتێبێكدا بڵاویان كردووەتەوە بەناوی (ژەنەراڵەكانی سەدام: دیدگاكانی جەنگی عێراق _ ئێران). ئەم بەرهەمە كە وەرگێڕدراوەتە سەر عەرەبییش ڕەنگە گێڕانەوەی هەرە بڕواپێكراوی بابەتی بێت لەبارەی جەنگی هەشت ساڵە لە دیوی عێراقەوە كە 8 ئابی 1988 كۆتاییهات.
ئەفسەرەكانی سەدام لە گێڕانەوەكانیاندا زۆر نهێنی ئاشكرا دەكەن لەوانەش “سەدام چووە ناو جەنگەوە بەبێ ئەوەی ئامانجی ڕوونی هەبێت و پلان و ستراتیژی بۆ دانابێت”. هەروەها باس لەوە دەكەن ڕاگەیاندنی جەنگ ئەوەندە خێرا بووە هێزی دەریایی عێراق، فریای گواستنەوەی پارچە دەریاییەكانی نەكەوتووە و بەر هێرشی ئێران كەوتووە. جگە لەوەش فڕۆكەوانەكان دوو رۆژ پێشتر ئاگاداركراون لە هەڵگیرسانی شەڕ و هیچ مەشق و بیرۆكەیەكیان لەسەر ئامانجەكانیان نەبووە.
لەبەشێكی تری گێڕانەوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو 9 فیرقەی عێراقی لە 9 قۆڵەوە بە نەخشەی كۆنەوە چوونە ناو خاكی ئێران، هیچ كاتیش چاوەڕوانی شەڕێكی درێژخایەنیان نەكردبوو. هەندێك لە فیرقەكان ون بوون و هەندێكیتر دووچاری بەرگری توندی ئێرانییەكان بوونەوە، هەندێكی تر لە فیرقەكانیش پاڵپشتیان نەبوو لەكاتێكدا ئێرانییەكان شەڕی پارتی زانییان بەكارهێنا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قەسابخانەیەكی خوێناوی لە ڕیزەكانی سوپای عێراق.
ئەفسەرەكان دەگێڕنەوە زۆر لە پەرچەكرداری سەدام ترساون كە پێیانوایە لەتەكتیكدا زۆر زیرەك بووە، بەڵام لە دیدگا و ستراتیژ كۆڵەوار بووە. لەهەمووی سەرنجڕاكێشتر ڕەنگە ئەوەبێت كە یەكێكیان دەڵێت لە نێوان 1982_ 1987 زیاتر لە 60 جار بەشداری كربوونەوەی كردووە كە هەندێك جار 12 كاتژمێری بوون، بەڵام تەنها دووجار ڕاوێژی پێ كراوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button