ئەو زانا ئاینیانەی ناوبژیوانی هاوسەرۆکانی یەکێتیان کرد پەیامێک بڵاودەکەنەوە

لڤین:

ئەو زانا ئاینیانەی سەردانی هاوسەرۆکانی یەکێتیان کردبوو، پەیامێک بڵاودەکەنەوە و ئۆباڵی زۆری کێشەکان دەخەنە ئەستۆی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی.

وەفدی زانایانی ئاینی ناوبژیوان لە نێوان هاوسەرۆکانی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکەنەوە و دەڵێن “کێشەی نێوان هاوسەرۆکان شیاوی چارەسەرە ئەگەر دڵ نەخۆشەکانی ناو یەکیەتی لێبگەڕێن و ناحەزانی دەرەوەی یەکیەتیش فوو بە ئاگرەکە دانەکەن”.

ئاماژەیان بە سەردانەکەیان بۆلای هاوسەرۆکانی یەکێتی کردووە و روونیدەکەنەوە “دەبێت بە زوترین کات لە ڕێگەی یاساو پڕەنسیپ و بەرنامەی حیزبەوە چارە سەری ئەم کێشەیە بکرێت، جگە لە گرتنەبەری ڕێگای یاسایی هەر ڕێگایەکی تر دەبێتە مایەی تێک چونی دۆخی هەرێم بەگشتی و دۆخی نێوخۆیی یەکیەتی بە تایبەتی”.

ئەوان  ئۆبالى بەشێکى زۆرى ئەو کێشەیەى کە هەیە دەخەنە ئەستۆى سەرکردایەتى و مەکتەبی سیاسی ئێستاى یەکیەتى کە نەیانتوانیوە ڕۆلى چارەسەرو یەکلاکەرەوە ببینن و دەشڵێن ” عینادی و گوێ نەگرتن لە خەلکی دڵسۆز و پشت گوێ خستنی ئەو مەترسی و لێکەوتانەی کە چاوەڕوان دەکرێن لە ئەگەری بەردەوامی لەسەر ئەم دۆخە، دەبنە مایەی پەشیمانی هەمولایەک”.

هەر لەو پەیامەدا ئەو زانا ئاینیانە وتوشیاینە، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی  ئەو دڵسۆزانەی کە دوێنێ یاداشتی (بەڵێ بۆ ئاشتەوایی) یان واژو کردوە و پشتگیری تەواوی ئەم یاداشتە دەکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button