لەبارەی کارەبای پڕۆژەی ئاوی گوندی بێستانسور ڕوونکردنەوە دەدرێت

لڤین:

فەرمانگەی ئاوی شارەزور، پڕۆژەی ئاوی بێستانسور ئاوی خواردنەوە دابین دەکات بۆ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دانیشتوانی سنورەکە.

پاش ئەوەی فەرمانگەی کارەبای سلێمانی بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی شەش کاتژمێر کارەبای گشتی گوندی بێستانسوری شارەزور، لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ ( شەممە، ٧ی ئایاری ٢٠٢١ ) بڵاویکردووەتەوە، فەرمانگەی ئاوی شارەزور، ڕایگەیاندووە،” ئێمە بەهیچ جۆرێك داوامان نەکردوە کە کارەبای گوندی “بێستانسور” کەمبکرێتەوە.”

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە،” بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی خۆی بڕیاری داوە بە کەمکردنەوەی کارەبا بۆ دانیشتوانی گوندی بێستانسور لە ئەنجامی نەبەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا لەلایەن هاوڵاتیانیانەوە.

دەقی ڕونکردنەوەکە:

رونکردنەوەیەك بۆ دانیشتوانی

قەزای شارەزور

ناحیەی عەربەت

ناحیەی وارماوا

گوندی بێستانسور

ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات

سەبارەت ڕونکردنەوەی کێشەی کارەبای (پڕۆژەی ئاوی بێستانسور) كە (بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی) بڵاوی کردۆتەوە و ئاماژەی پێداوە.

ئێمە وەکو (فەرمانگەی ئاوی شارەزور) کە سەرپەرشتیاری (پڕۆژەی ئاوی بێستانسور) دەکەین، ئەم ڕونکردنەوەیە دەدەین بۆ ئەوەی لای هەموان ڕون و ئاشکرابێت.

پڕۆژەی ئاوی بێستانسور کە ئاوی خواردنەوە دابین دەکات بۆ زیاتر لە 200 هەزار دانیشتوانی سنورەکە.

ئێمە بەهیچ جۆرێك داوامان نەکردوە کە کارەبای(گوندی بێستانسور) کەمبکرێتەوە بۆ(18 کاتژمێر)، چونکە ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییەو ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵکو(بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی) خۆی بڕیاری داوە بە کەمکردنەوەی کارەبا بۆ دانیشتوانی(گوندی بێستانسور) لە ئەنجامی نەبەستنی(پێوەری زیرەکی کارەبا) لەلایەن هاوڵاتیانیانەوە.

پێشتر لایەنی پەیوەندیدار ئاگادارکراونەتەوە لە ئەگەری کوژاندنەوەی کارەبای گوندەکە کێشە دروست دەبێت، لە کاتێکدا بەهۆی کەم بارانی و وشکەساڵی و کەمی ئاوەوە دانیشتوانی بەڕێزی (گوندی بێستانسور) ئامادەیی خۆیان نیشاندا کە ئەمساڵ هیچ جۆرە کشتوکاڵ و مەرەزەیەك نەکەن بۆ ئەوەی ئاوی سەرچاوەکان کۆبکرێتەوەو بدرێتە هاوڵاتیانی سودمەند لە پڕۆژەکە. بەڵام بەداخەوە ئێستا بەهۆی کوژاندنەوەی کارەبا رۆژانە لە گوندەکە کێشەو گرفتی لە ناردنی ئاودا دروست کردوە بۆ ئەو شوێنانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە.

هەر بۆیە داواکارین لەلایەنی پەیوەندیدار هەستن بەکاری خۆیان بۆ ئەوەی کێشەی زیاترو باج نەدانی خەڵکی لێ نەکەوێتەوە.

فەرمانگەی ئاوی شارەزور

2021-8-7

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button