کارەبای گوندی بێستانسور شەش کاتژمێر کەمکرایەوە

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى رایگەیاند، دانیشتوانى گوندى (بێستانسور) رێگریان کردوە لەبەستنى پێوەرى زیرەک،  بۆیە كارەباكەیان شەش كاتژمێر كەمكراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە ” پرۆژەى ئاوى گوندى پێستانسوور کە ئاوى بەشێک لە قەزاى شارەزوور و ناحیەى عەربەت دابین دەکات، ماوەى چەند ساڵێکە کارەباى بەردەوامیان هەیە” بەڵام کاتێک ستافى بەستنى پێوەرى زیرەکى کارەبا چوونەتە سنورەکە، دانیشتوانى گوندى (بێستانسور) رێگریان کردوە لەبەستنى پێوەرى زیرەک.

بەڕێوەبەرایەتیەکە ئاشکرایکردووە پێوەری زیرەک “دەبێت بۆ هەموو هاوبەشانى کارەبا لەسەرتاسەرى کوردستان دابنرێت، ئەوان رێگریان کردووە، بۆئەوەى بەئارەزووى خۆیان بەبێ (پێوەر) کارەبا بەکاربهێنن، بۆیە لە ئێستادا بەرنامەى کارەباکەیان کراوە بە 18 کاتژمێر، شەش کاتژمێر کەمکراوەتەوە”.

بەریوەبەرایەتیەکە بەراوردی کردووە بە کارەبای ناوشاری سلێمانی کە 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبا هەیە، دەشڵێت “ئەو بەرنامەیەش لەسەر داواى (فەرمانگەى ئاوى) سنورەکە دانراوە، ئەو بەرنامەیەش کاریگەرى لەسەر دابەشکردنى ئاو لەسنورەکە نابێت”.

ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەوە دانیشتوانى گوندەکەن رێگرن لە دابەشکردنى ئاو، بۆیە تا ئیدارەى سنورەکە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن و پێوەرى زیرەک بۆ گوندە دەبەسرێت، بەرنامەى کارەباکەیان بەو شێوەیە دەبێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button