بایدن: سزاکانی سەر ئێران لانابەین

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سزاکانی سەر ئێران لانابەن، تا ئەوکاتەی تاران ڕێز لە پابەندییەکانی بە ڕێککەوتنی ناوەکییەوە دەگرێت.

کەناڵی سی بی ئێس، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، بڵاوکردەوە کە تێیدا پرسیار لە بایدن کراوە سەبارەت بە گەڕانەوەی تاران بۆ سەر مێزی دانوستاندن لە پێناو درێژەدان بەو ڕێککەوتنە ناوەکییەی ساڵی 2015 مۆرکراوە، لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا بایدن بە “نەخێر” وەڵام دەداتەوە، کاتێکیش پرسیاری لێکراوە سەبارەت بەوەی ئایا لەسەر ئێرانییەکانە “پیتاندی یۆرانیۆم ڕابگرن” سەرۆکی ئەمەریکا سەری بۆ دەلەقێنێت وەک ئاماژەیەک بە “بەڵێ.”

دوێنێ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە فەرماندە و فڕۆکەوانەکانی سوپای ئێران، هەڵوێستی خۆی لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند و وتی: بۆ پابەندبوونی ئێران، ئەمریکا دەبێت گەمارۆکانی لابدات.

پێشتریش جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریشی دابوو کە ئەگەر ئەمریکا تاوەکو دوو هەفتەی دیکە سزاکانی سەر ئێران سووک نەکات، ئەوا رێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەنێودەچێت.

پاش دانوستاندنێکی درێژخایەن و قورس، ئەمەریکا لە ساڵی 2015دا گەیشتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا تا نەبێتە خاوەن چەکی ناوکی، چین، ڕوسیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا ئەو ڕێککەوتنەیان مۆرکرد و دواتر نەتەوە یەکگرتووەکانیش پەسەندی کرد.

دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا لەو ڕێککەوتنە کشایەوە کشانەوەکەشی لەو ڕێککەوتنە بەستەوە بە کۆنترۆڵکردنی “جموجۆڵە تێکدەرانەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”. هەروەها ژمارەیەک سزای قورسیشی سەپاند بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button