محمد وەتمان:گرنگە یەکێتی کۆمیتەیەکی بەڕێوەبردن دروست بکات، تا حیزب بەڕێوە ببات

لڤین:

ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی، مانەوەی سێبەری حیزبەکەی بۆ تێکۆشەرە دێرینەکان و کەس و کاری شەهیدان گرنگە، بۆیە دەبێت بەهەموویانەوە حیزبەکەیان لەو گرفتانە بپارێزن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد وەتمان ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی و کەسایەتی دیاری نێو یەکێتی، کە ئەمڕۆ ( هەینی ٦ی ئابی ٢٠٢١ ) بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت،” تێکۆشەرە دێرینەکان و کەسوکاری شەهیدان و ڕێکخستنەکان، بەخوێن یەکێتیان گەیاندووەتە ئەمڕۆ، حەقە پارێزگاری لێبکەن، تا سێبەری یەکێتی بەسەریانەوە بمێنێت، سەنگ و قورسایی لەدەست نەدات.”

سەبارەت بە حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبردنی هەرێم، ڕایگەیاندووە،” نە پارتی بەتەنها هەرێمی پێ بەڕێوەدەبرێت، نە یەکێتی، هەردووکیان، دوو هێزی سیاسی خاوەن چەکداری ڕابردوون، بەرامبەر بەعس خەباتیان کردووە.”

سەبارەت بە کۆنگرەی کۆتایی یەکێتی، ئاماژەی بەوەداوە،” من بەشداری کۆنگرەم نەکرد، ڕای جیاوازم هەبوو،باوەڕم بە هاتنە پێشەوەی گەنج و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هەبوو، لەتەمەنی خۆمدا ناوبانگم پەیدا کرد، با خەڵکی تر بێنە پێشەوە.”

ڕایشیگەیاندووە،” ڕاستە ئازادی هەیە، بەڵام ژیانی خەڵکمان پێ نەگۆڕا.”

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا وتویەتی،” حیزبەکان متمانەیان لای خەڵک، لەنێوان تێکۆشەرەکاندا نەهێشت، خەڵک لەزیندان نەترسا، لەبرسان نەترسا، لە ئەنفال نەترسا، ملی بۆ بەعس شۆڕ نەکرد، کەچی حیزبەکان متمانەیان لا کوشتن.”

سەبارەت بە جوڵەی سەرکردە کۆنەکان و هەوڵدان بۆ ڕۆڵ پەیدا کردنەوە، لەدوای لاوازبوونی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی وتیەتی،” من لەگەڵ برادەرانی کۆنیش هاودەنگیم نەماوە، دوو ساڵە تێکەڵاوی هیچیان نیم، نە تازەکان ، نە کۆنەکان، بەڵام کۆنگرە شەرعی بووبێت، یان نە، 124 ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوە، خەڵک هاتووەتە مەیدان، تازە ئەوان بەڕێگای شەرعی حیزبایەتی هیچیان پێناکرێت، مەگەر خۆیان بۆ کۆنگرەیەکی تر ئامادە بکەن.”

لە کۆتایدا ڕاگەیاندووە،”گرنگە یەکێتی کۆمیتەیەکی بەڕێوەبردن دروست بکات، تا حیزب بەڕێوە ببات، تا ئەوکاتەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکان کۆتایی دێت و چارەسەر دەکرێن.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button