بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ شێوازی مامەڵەكردن بە ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت

لڤین:
هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، بە گوێرەی نوێترین رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ، مەرجەكانی پێدانی مۆڵەتی (هاوردەكردن یان گواستنەوە یان فرۆشتنی ئۆتۆمبێل) و پێشانگاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل رێكدەخرێنەوە، دەبێت كۆمپانیاكان مەرجی پێویستیان هەبێت بۆ ئەوەی كارەكانیان ئەنجام بدەن.

بەگوێرەی ئەو رینماییانەی وەزارەتەكە دەریكردووە، دەبێت كۆمپانیای هاوردەكردن یان فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، ئەو ئۆتۆمبێلەی هاوردەی كردووە، دوای تێپەڕبوونی 90 رۆژ لەسەر هێنانی ئۆتۆمبێلەكە بۆ ناو هەرێمی كوردستان، لەسەر ناوی كۆمپانیا تۆمار بكات، ئەگەر لەو ماوەیەدا نەفرۆشرا. ئەگەرنا دوای 90 رۆژەكە رۆژانە بڕی (70،000) دینار سزای دێتە سەر.

وەزارەتەكە ئاشكراشیكردووە “گرێبەستێكی ستانداردی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەلایەن وەزارەت بە زمانی (كوردی و عەرەبی) رێكدەخرێت، پێویستە كۆمپانیاكانی هاوردە و پێشانگاكان پێوەی پابەندبن، كە جگە لەو گرێبەستەی ئاماژەی پێدراوە، هیچ گرێبەستی دیكە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ كاریان پێناكرێ”.

ئەوەشی راگەیاندووە جگە لەو گرێبەستە ستاندارە “سستەمێكی ئەلیكترۆنی بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە رێگەی گرێبەستی ئەلیكترۆنی ستاندارد لە لایەن وەزارەت رێكدەخرێت و لەسەر ماڵپەری (moi.gov.krd) بڵاودەكرێتەوە”.

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت “لە رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆدا چەندین مەرج بۆ نووسینگەی كۆمپانیا یاخود پێشانگەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دیاریكراوە، كە پێویستە رووبەری پێشانگە لە (500م2) كەمتر نەبێت، كە (100م2) بۆ نووسینگەی كۆمپانیا و (400م2) بۆ نمایش تەرخان بكرێت، كۆمپانیا بەشێكی تایبەتی بۆ ئەرشیفی بەڵگەی ئۆتۆمبێلە فرۆشراوەكان ئامادە بكات”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button