بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی زەڕنگەرێک کچێک دەستگیر کرا

لڤین:

پۆلیسی ڕاپەڕین، لەسەر داوای کەسێک کە ئیشی فرۆشتنی ئاڵتون بووە لە ڕێگەی ئۆنلاین، کچێک دەستگیر کرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، ئەمڕۆ ( چوار شەممە، ٤ی ئابی ٢٠٢١ ) لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕایگەیاندووە،” دوای ئەوەی لەبەرواری ( ١٣ /١/ ٢٠٢١ ) هاوڵاتیەک کە کاری نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتوون بووە لە سنوری ئیدارەی سۆران وە دانیشتوی ئیدارەی سۆرانە، سکاڵای تۆمار کرد و بە پۆلیسی ڕایگەیاند کە لەسەر داوای کچێک لە شاری ڕانیە لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین پشتێنێکی ئاڵتوونی بە بڕی ٢٦ مسقاڵ و عەیار ٢١ ی لە سنوری ئیدارەی سۆران بۆ کچەکە هێناوەتە شاری ڕانیە، وە دوای ئەوەی کچەکە داوای لە نوێنەرەکە کردووە کە پشتێنە ئاڵتونەکە لە نزیک نۆرینگەکانی شاری ڕانیە لە شوێنێکی جیا تاقی بکاتەوە، لەو کاتەدا کچەکە پشتێنێکی ساختەی هاوشێوەی پشتێنە ئاڵتونەکەی لا بووە و هەر ئەوکات نوێنەرەکەی هەڵخەڵەتاندووە و پشتێنە ساختەکەی لەجیاتی پشتێنە ئاڵتونەکە داوە بە نوێنەری زێڕەنگرەکە و پشتێنە ئاڵتونەکەشی لای خۆی گل داوەتەوە و پێی وتووە لەکڕینی پشتێنەکە پەشیمان بۆتەوە.”

ئاماژە بەوەیشدراوە کە،” دوای ئەوەی نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتونەکە دەیەوێت بەڕێکەوێتەوە بۆ سنوری ئیدارەی سۆران، دوای ماوەیەکی کەم هەست دەکات کچەکە هەڵی خەڵەتاندووە بەوەی کە پشتێنەیەکی ساختەی پێداوە و پشتێنە ئاڵتونەکەی لای خۆی گل داوەتەوە، دەست بەجێ پۆلیسی لێ ئاگادار کردۆتەوە و سکاڵای تۆمار کرد. وە نوێنەرەکە ئەوەشی ڕایگەیاند کە کچەکە ناناسێت و هیچ زانیاریەکی لەسەر نیە تەنها لەسەر داوای کچەکە لەڕێگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین پشتێنە ئاڵتونەکەی بۆ هێناوەتە شاری ڕانیە بۆئەوەی پێی بفرۆشێت.”

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” لەدوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و بەدواداچوون، دوای زیاتر لە ٧ مانگ بەسەر کێشەکەدا، لەلایەن هێزەکانمان لە بنکەی ( پۆلیسی ڕزگاری )و بە هاوکاری بنکەی ( پۆلیسی ڕانیە ) بەسوود وەرگرتن لە زانیاری ورد و بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی ناسنامەی کچەکە، لە بەرواری ( ٢ /٨ / ٢٠٢١ ) کچەکە دەستگیرکرا.”

سەبارەت بە ناسنامەی کچەکەیش، لە ڕاگەیەندراوی پۆلیسدا هاتووە،” کچەکەش بەناوی (م،ف،ع) تەمەنی ٣٤ ساڵە و دانیشتوی شاری ڕانیەیە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، لە پۆلیس و دادگا دانی ناوە بە تاوانەکەی کە نوێنەری زێڕنگرەکەی هەڵخەڵتاندوە و بەمەبەست داوای پشتێنەیەکی ئاڵتونی کردوە و پێشوەخت دانەیەکی ساختەی لەسەر هەمان شێوە لای خۆی ئامادە کردبوو. کچەکە هەر بە ووتەی خۆی دوای پازدە ڕۆژ بەسەر تاوانی هەڵخەڵەتاندنەکە پشتێنە ئاڵتونەکەی بە کەمتر لە بەهای خۆی فرۆشتووە بە زێڕەنگرێکی شاری ڕانیە.”

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” ئێستا کچەکە بەپێی ماددەی ( ٤٥٦ ) لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button