لڤین:
لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، لای ئێمە هیچ كەسێك لە سەروو یاساوە نییە و بە توندی سزای ئەو كەسانە دەدەین كە دەست بۆ سەروماڵی هاووڵاتییان دەبەن و كاری تێكدەرانە ئەنجام دەدەن.
بافڵ تاڵەبانی، لە دەباشان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و خەسرەو گوڵ، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی سلێمانی كۆبووەوە.
هاوسەرۆكی یەكێتی لە كۆبوونەوەكەدا وتیشی: رێگەنادرێت بە ھەر پاساوێكەوە پێشێلكاری یاسابكرێت و زیان بە رەوتی ژیانی گشتی بگەیەنرێت. بۆ ئەوەش ھەموو رێوشوێنێكی یاسایی دەگرینەبەر و پێشێلكاران و تاوانكاران راپێچی دادگاكان دەكەین، چونكە ئارامی و سەلامەتی ژیانی كۆمەڵانی خەڵك لای یەكێتی ھێڵی سوورە.
كۆبوونەوەكە بە بەشداری سەركەوت حەسەن، راوێژكاری ئەمنی سەرۆكایەتیی یەكێتی و لیوا روكن عومەر ساڵح، فەرماندەی لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و ھیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و عەمید ئاسۆ شێخ تەھا، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بەڕێوەچوو.
بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەش كردەوە “لای ئێمە هیچ كەسێك لە سەروو یاساوە نییە و بە توندی سزای ئەو كەسانە دەدەین كە دەست بۆ سەروماڵی هاوڵاتییان دەبەن و كاری تێكدەرانە ئەنجام دەدەن، ئێمە بەڵێنمان بە سلێمانی و خەڵكەكەی داوە كە ژیانیان پارێزراوبێت.