بارزانی و سیحرەكەی شێخ لاهور

قسەیەكی باو لەناو پارتییەكان هەیە:” ماڵی بارزان وەكو ئاگردان وان، زۆر لێیان نزیك بیەوە دەتسووتێنن، زۆریش لێیان دوور بی رەق هەڵدێی”. ئەمە بۆ پارتییەكانە. بۆ ئەوانی دیكە، ئەگەر زۆر لێیان دوور بی دەبییە ئانتی پارتی و خەڵك لێت كۆدەبێتەوە، زۆریش لێیان نزیك بی دەبی بە پڕۆ پارتی و وەرەقەت دەسووتێ!
*
لانیكەم شەست ساڵە مێژووی سیاسی بەو ئاراستەیەدا تێدەپەڕێ كە پێوەری شەعبیەتی لایەنەكانی بەرامبەر بە پارتی، ئانتی پارتی بوونە. تا شلگێڕانەتر دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بوەستییەوە، لە ئەنواع قوماش خەڵك چەپڵەت بۆ لێدەدات. تەنانەت پێوەرەكانی ئازادی، دیموكراسی و دادپەروەریش هەر لەو سۆنگەیەوە پێناسە دەكرێن.
*
پارتی لەو پێناسەدا، دێوێك و زوحاكێكە كە هەر جارە كاوەیەكی ئاسنگەر بەگژیدا دەچێ. بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە هەمووان دەبنە قوربانی هەڵەی مامەڵە لەگەڵ پارتییەوە و لە ئاخیرەكەی ئەوان بە دەستی بەتاڵ لە هاوكێشەكە دەردەچن. پارتی و بنەماڵەی بارزانی هەر لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە. كەچی راستییەكەی ئەوەیە كە پارتی قەت نایباتەوە، ئەوە ئەوانن كە دەیدۆڕێنن.
*
بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دیداری لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، لە چوارچێوەی دانیشتنێكی چوار پێنج قۆڵی لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانیدا، چەند راستە و چەند دوورە بۆ خۆی باسێكە، بەڵام دیداری لەو شێوەیە و لەو قۆناغەدا زەروورەتە. لە كاتێكدا لەو عەسرەدا، بەرامبەرەكان نەك قسەی رەسمی، بگرە قسەی ناوماڵی خۆشیان بەرامبەر یەكتری بۆ دەچێتەوە، ئیتر هیچ پاساوێك بۆ نەدیتنی روو بەڕوو نامێنێتەوە، مەگەر سیحرەكە نەبێ.
*
شوێنی دانیشتن لەكوێیە و چۆنە گرنگ نییە(هاوسەرۆكەكان چەند جارێكی دیكەش بەیەكەوە چوونەتە سەری رەش)، بەقەدەر ئەوەی كە دیداری لەو چەشنە دەبێتە هۆی سەرڕاستكردنەوەی زۆر شت. بەنسبەت لاهور شێخ جەنگییەوە ئەگەر بەشداری لە دیدارێكی وەهادا بكات، نەك سیحری بەتاڵ نابێتەوە، بگرە لە قازانجیەتی و هەندێك تەڵەش دەتەقێنێتەوە.
*
بەشێكی زۆری سیاسەتكردن لەگەڵ پارتی و لەناو ماڵی پارتیش، پەیوەستە بە مەسافە و جۆری پەیوەندی لەگەڵ لاهوردا و، لەسەر پشتی ئەو بەڕێوە دەچێت. ئەو دوكانانە دادەخرێن! دەرفەتێكە بۆ خودی هاوسەرۆكیش كە بیسەلمێنێ سیحرەكەی لە دژایەتیكردنی پارتیدا نییە، بگرە ئەو دوای هەموو تەجروبەكانی دیكە، دەتوانێ پەیوەندییەكی وای لەگەڵ پارتیدا هەبێ كە وا بكات ئاگرەكە نەیسووتێنێت.
*
پێككردنی لاهور لە لوتكەی یارییە سیاسییەكانی نێوان پارتی و یەكێتیی نوێدا، بەشێكی ناچارییەو بەشەكەی دیكەشی ئەوەیە كە وردە وردە قەناعەتێك دروست دەبێ كە ناكرێ هەتا سەر كێشە شەخسییەكان سێبەریان بەسەر بڕیارە سیاسییە گرنگەكانی دیكەوە هەبێت. نانبڕاو لە هەردوولا زۆر دەبن، بەڵام گرنگە كە لاهور ئەوە بزانێت كە ئەوە خۆی لە خۆیدا دەبێتە دانپێدانانێكی گرنگ بۆ داهاتووی خۆی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button