ڕوخساری تۆم بینیوە

لڤین: بەختیار عەلی

ڕوخساری تۆم لە شەمەندەفەرێکدا بینیوە لە نێوان مەنتۆڤا و فێرۆنادا… بیرتە، لە بازاڕێکی کۆن لە قۆنیە ناونیشانی مەزاری مەولانات پێگووتم، لە پاسێکی درێژدا لە تەرتوسەوە دەچوو بۆ دیمەشق، درەختەکانی سەر ڕێگات پیشاندام. بەختەوەری لەلامان ئەوکات، تەنیا سەفەرێکی کورت بوو، ژیان تەنیا فڕینێک بوو بۆ دوور. ڕوخساری تۆم بینیوە. لە مەیدانی فیردەوسی دینارت بۆ کردوم بە تمەن، لە ڕۆتەردام لە تیاتەرکافێ، نزیک کوبوسهاوس قاوەت بۆ داناوم. لە بیرمە لە کەرەج کە پۆلیسەکان بۆ پشکنین ڕیزیانکردین، تۆ لەدوامەوە بوویت. لە باب تۆما شەبقەم لەلا کڕیویت و لە ماردین سابون بە بۆنی وەنەوشەوە. تۆم بینیوە… لە سەعدون کتێبت داوەتە دەستم و لە توپخونە شیشی جگەر، لە تیمیشوارا شۆفێرم بوویت تا فڕۆکەخانە، لە بوخارست بلیتێکی شەمەندەفەرت پێدام پێی بچم تا کرایۆفا، لە تارگوژی نزیک لە ستوونە ئەبەدییەکەی براندکوزییەوە وێنەمان بۆ یادگارى گرت. لە پیلاتۆس نزیک بە لوتزێرن، دەستمان لە بەفردا تەزیبوو. لە بەردەم مۆزەخانەی دیل پرادۆ لە مەدرید بانگتکردم، لە نزیکی ماڵی کافکا لە پراگ، جزدانەکەمت لێ دزیم.

ڕوخساری تۆم لە بیرە، ئەی مرۆڤ… ڕوخساری تۆم لە بیرە.

لە شەنگال کچانت بە تیرۆیستەکان دەفرۆشت، لە هەولێر بێشەرمانە باسی سەربەخۆییت دەکرد.

لە ترالی پێکەوە لە پاسێکی نوێدا چووین بۆ گالەوەی، خۆشترین کاتمان ئەو ساتانە بوو کە پێکەوە لە پەپەکاندا بە ئیرلەندییە مەستەکان پێدەکەنین. لە کوکونهۆف دوو ڕۆژ لە بەیانییەوە تا شەو تەنیا سەیری باغی لالەزارمان کرد، لە وارشاو بە دەم پیاسەوە لە ماڵی فردریک شۆپانەوە چووین تا ماڵی مادام کوری، لە زالتسبورگ لای حەڵواچییە کۆنەکان شیرینيی مۆزارتمان پێکەوە خوارد. لە کۆپنهاگن دوای ماڵی هاملێت پێکەوە چووینە سەرگۆڕی کیرکگارد. ئەی مرۆڤ، ڕوخساری تۆم بینیوە، کاتێک لە نیدە، لە هەفتەبازاڕەکەی پێنجشەممان، ماسيی دەریای ڕەشت دەفرۆشت، لە بیرمە… پێکەوە لە هامبۆرگ لەگەڵ چەپەکاندا جنێومان بە کەپیتالیستەکان دا و لە کڵێسەی نۆتەردام لە پاریس لە کورسییەکانی ڕیزی پێشەوە پلانمان دانا هاوڕێیەک لە کرماشان ڕزگاربکەین. لە زۆر شوێن تۆم بینیوە ئەی مرۆڤ، لە شەقامی سۆزانییەکان لە فرانکفۆرت کاتێک دەچووم بۆ لای نیکۆل لە تاونۆس شتراسە. کاتێک لە هێرکولانە تا عەسر لە ئاوی مەعدەنیدا پێکەوە مەلەمانکرد، دوایی بەلای ماڵی قەیسەر و سیسیدا تێپەڕین و گووتمان: بۆ وا بۆتە وێرانە?. لە بەردەم مۆزەخانەی میسرییە کۆنەکاندا لە تۆرین گوڵێکم لێ کڕیت. لەسەر پردی کیرشن فێلد بروکە لە بێرن یادی پیتەر بیری و شەمەندەفەری نیوەشەومان کرد.

تۆ هەمیشە خۆت بوویت ئەی مرۆڤ، هەمیشە خۆت. ڕوخساری تۆم بینیوە… ڕوخساری تۆم بینیوە.

لە سەقز کتێبی دزراوی خۆمت پێفرۆشتوومەتەوە، لە کیش ژوورێکی بچوکت دامێ بە کرێ، لە ئەنقەرە لە سەر شەقامی زیا گۆکاڵپ بە تورکی جنێوت پێدام، لە دبلن لە نزیک «گاردن ئۆف ڕێمێمبەرنێس» لە پاڵ مۆنۆمێنتی «منداڵانی لیر»دا پێکەوە نەورەسەکانی سەر حەوزەکەمان ترساند، لە هیلسنکی لە مۆزەخانەی بوکەشوشەکان، وتت بە منداڵی بوکی قەشەنگت بووە. لە بەرلین لە هۆتێل ئیبیس، کاتێک بە ڕووتی پاڵکەوتبووین پێت گووتم: پەشیمانی لەوەی شووتکردوە.

هەفتەیەک پێکەوە بووین لە دوورگەی هایبلیادە لە ئەستەنبول، خۆشترین کاتمان ئەو ڕۆژانە بوو کە جنێومان بە تورکە فاشیستەکان دەدا، لە لیشبۆنە لە پاڵ «پادرۆ دۆس دیسکۆبریمێنتۆس»دا گووتت جوانترین مۆنۆمێنتی دونیایە. لە مەیدانی جۆردانۆ برۆنۆ لە ڕۆما مۆمێکت پێ فرۆشتم، لە لەندەن کتێبێکت لێ کڕیم. لە گراز بە جلی کوردییەوە هاتی بۆ کۆڕەکەم… ڕوخساری تۆم لە بیرە… لە هەولێر تەقەت لێکردم، بەڵام لە گلاسکۆ پێت گووتم « بمبورە».

ڕوخساری تۆم لە بیرناچێتەوە، ئەی مرۆڤ… بۆ هەر کوێ بچم، ڕوخساری تۆم لە بیرە.



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button