سووتانی توركیا وسیاسەتی زەوی سووتاندن

سیاسەتی زەوی سووتاندن سیاسەتێكی كۆنە، بۆئەوەی دوژمن نەتوانێت سوود لە زەوی وبەرووبوومەكانی زەوی وەربگرێت، لەشەڕەكاندا بەكارهاتووە، زۆر جاران لە سوپاكان دوای شكستیان یاخود دوای كشانەوەیان، زەویەكانی دوای خۆیان ئاگر تێبەردەدا، عوسمانیەكان یەكێك بوون لەو نەتەوانەی بەشێوەیەكی بەرفراوان ئەو سیاسەتەیان پیادەكرد، تەنانەت لەكێشە ناوخۆییەكانیش ئەو سیاسەتە پەیڕە وكراوە، میرو بەگە كوردەكان لەكاتی دروێنەدا ئاگریان لەبەروبوومی یەكتر بەردەدا، لەم چەند ساڵەی دوایی توركیا و رێكخراوی داعش ئەو سیاسەتەیان زیندوو كردەوە، لە كاتی دروێنەدا رۆژانە هەواڵی ئەوەمان گوێ لێدەبێت، كە داعش ئاگری لە زەویە كسشتوكاڵیەكانی ناوچە سنووریەكانی باشووری كوردستان بەرداوە، یاخود ئیسلامیە توندڕەوەكانی سوریا دارزەیتوونەكانی عەفرینیان بڕیوەتەوە وئاگریان لەكێڵگەكانی گەنم وجۆی كورد بەرداوە، هاوكات رۆژانەش میدیاكان هەواڵی بڕینەوەی دارستەكان وسووتماك كردنی خاكی كوردستان لەلایەن سوپای توركیاوە بڵاو دەكەنەوە.
ئەو ئاگرەی لەتوركیا كەوتۆتەوە، لە هەموو ئەو ئاگرە راگەیەنراوانە فراوانترە، كە تائێستا كەوتۆتەوە، دەكرێت ئەو ئاگرەی توركیا بەشێك بێت لە رووداوێكی سروشتی، هەروەها دەكرێت لەلایەن حكومەتی توركیا خۆی ئەو ئاگرە كرابیتەوە، بۆئەوەی وەك ئامڕازێكی سیاسی دژی نەیارەكانی بەكاری بێنێت، بەڵام پێشبینی ئەوەیان نەكردبێت، كە بەو شێوەیە پەرە دەسەنێت وبلاودەبێتەوە، بۆ نمونە ئێستا میدیاكانی توركیا بەشێوەیەك لەشێوەكان، بەبێئەوەی بەڵگەی پیویست بڵاوبكەنەوە دەیانەوێت پارتی كرێكارانی كوردستان تۆمەتبار بكەن، كە ئەمەش گریمانەی یەكەممان زیاتر دەسەپینێت ورێگا بۆئەوە خۆش دەكات پاساو بۆ ئەو كارانە بێنێتەوە، كە لەئایندەدا پێی هەڵدەستێت، واتە بەشێوەیەك لەشێوەكان سەرەتایەكە بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانەكان ومەترسیدارتر بوونی شەڕەكان لە ناوچەكە! هەروەك چۆن دەكرێت بەشێك بێت لەو شەڕە گەورەیەی لەناوچەكە دەگوزەرێت و رێگایەك بێت بۆ هاوسەنگ كردنەوەی چەك، پەیامێكیش بێت بۆ توركیا بۆئەوەی قەبارەی راستەقینەی خۆی بزانێت وواز لەو لەخۆبایی بوونەی بێنێت. لەبەرئەوەی وەك دەزانین توركیا لەلایەن ناتۆ و رۆژئاوا وتەنانەت روسیاشەوە چەكی زۆر مەترسیداری خراوەتە بەردەست وبەئارەزووی خۆی بەكاریدەهێنێت، بەبێئەوەی رەچاوی هیچ پێوەرێكی یاسایی ومرۆڤایەتی بكات، تا ئەو رادەیەی گریمانەی ئەوە دەكرێت زلهێزەكان ئەو ناوچەیەیان كردبێتە كێڵگەیەك ولەرێگای توركیاوە چەكە نوێیەكانیان تاقیبكەنەوە!.
هەرچۆنێك بێت، سووتماك كردنی خاك وسروشت یەكێكە لەتاوانە قێزەونەكانی مرۆڤ، دەستدرێژیكردنە بۆ سەرژیان مافی نەك بە تەنیا مرۆڤەكان بەڵكو هەموو بوونەوەرەكانی تر، بێڕیزكردنە بەرامبەر ئەو سروشتەی جگە لەژیان پێویستیەكانی ژیان، هیچ شتێكی تری بۆ مرۆڤەكان پێ نیە!.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button