هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە هەوڵ دەداتەوە بۆ دامەزراندنی دادگای تایبەت بە تاوانەکانی داعش

لڤین:
هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی ئامادەکرد بۆ دروستکردنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ ئەو تاوانانەی کە دژ بە کوردانی ئێزیدی ئەنجامدران بەڵام پرۆژەکە پێش ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکرێت دادگای فیدراڵی عێراق ڕەفزیکرد.
حسێن قاسم، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری ئێزیدییەکان، لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند “هەتا ئێستا کەیسی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدییەکان کاری زۆر باشی لەسەر کراوە لە ڕووی کۆکردنەوەی بەڵگەکان بە ملیۆنان بەڵگە و شاهێد و چەندین جۆری بەڵگە کە کواڵیتی زۆر باش بێت لەسەرییان کۆکراوەتەوە ئەم بەڵگانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییە”.
ئەو وتیشی: لیژنەی یونیکاد سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کارێکی زۆر جدی و گرنگییان لەسەر کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردووە، ئێستا ئێمە گەیشتوینەتە قۆناغی دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند کە تایبەتمەندی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەیسانە.
ئاماژەی بەوەشکرد: زۆر هەوڵدراوە کە بگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی حکومەتی عێراقی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی دادگایەک پێکبێت کە تایبەتمەندی دادگایی و یاسایی هەبێت بۆ ئەو تاوانانەی دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامدراون.
حسێن قاسم ڕونیکردەوەئەو دادگایەی داوایان کردووە، دادگایەکی نێوخۆییە، بەڵام هەوڵدەدەن تایبەتمەندی یاسایی و دادگاییکردنی هەبێت لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان. نمونەشس دەهێنێتەوە و دەڵێت “دەمانەوێت هەندێک بڕگە لە پەیماننامەی ڕۆما بهێنین هەتا لەو دادگایە کار لەسەر تاوانەکانی داعش بکرێت چونکە ئەو دەقە یاساییانە لە یاسای سزادانی عێراقیدا نین، بەڵام ئەو پرۆژەیەی حکومەتی هەرێم پێش ئەوەی ببێتە بڕیار چونکە لە پەرلەمانی کوردستانە هەتا بنەمایەکی یاسایی هەبێت دادگاکە، بەداخەوە لە لایەن دادگای فیدراڵیەوە ئەو پرۆژەیە ڕەفزکرایەوە.”
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێم دەشڵێت، پێمان وابوو دادگای فیدڕاڵی دەکرێت بڕیار لەسەر یاسا بدات نەک پرۆژەی یاسا چونکە هەتا ئێستا ئەو پرۆژەیە لە پەرلەمانە نەبۆتە بڕیار.
قاسم جەختیکردەوە”لە ئێستادا دیراسەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکەین هەوڵدەدەین کێشەکان چارەسەر بکەین، ڕاناوەستین هەتا میکانیزمێکی یاسایی گونجاو نەدۆزینەوە بۆ ئەوەی تایبەتمەنی هەبێت لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون دژی کوردانی ئێزیدی .
ڕاشیگەیاند” کێشەی ئێزیدییەکان بە تەنها کێشەی یاسایی نیـیە ئێمە ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی عێراقی هەبوو بۆ چارەسەر کردنی کێشەی سیاسی و سەربازی شەنگال بەداخەوە هەتا ئێستا ئەمە جێبەجێ نەکراوە کە دەمانویست شەنگال ئاوەدان بکرێتەوە و خەڵکەکەی بگەڕێتەوە. هەتا خەڵک هەست بەوە بکات ئاسایش و ئارامی هەیە و جارێکی تر تاوانی جینۆسایدی وەها دژی کوردانی ئێزیدی ئەنجام نادرێت.”
ئاشکرای دەکات لە عێراقیش و لە هەرێمی کوردستانیش زیندانی کراوی سەرکردە و بەرپرسی داعش هەیە کە لەو تاوان و کارەساتەی شەنگال بەشدار بووبێت.