حاكم زاملی: داعش لە توركیاوە دێنە هەولێر و لەوێشەوە بۆ پشتێنەی بەغدا

لڤین:

سەركردەیەکی ڕەوتی سەدر، بۆ ڕێگرتن لە هاتوچۆی داعش بۆ دەوروبەری شاری بەغدا داوا لە سەرۆك وەزیران دەكات گوشار بخاتەسەر توركیا و هەرێمی كوردستان .

حاکم زاملی سەرکردە لە ڕەوتی سەدر، ئەمڕۆ ( شەممە، ٣١ تەمموزی ٢٠٢١ ) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە،” چالاكییەكانی داعش پەرەیان سەندووە، بەتایبەت لە ناحیەی یەسریب و زەرگە لە سەلاحەدین، حەلوان لەدیالە و عەگبە لە هیتی ئەنبار، هێرشەكانیش زەرەر و زیانی گیانی و مادیشی زۆریان هەبووە لەڕیزی خەڵكانی مەدەنی و سەربازی.


بەگوتەی زاملی كە پێشتر سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان بووە، ئاماژەی بەوەداوە،” هێڵێكی نوێی هاتوچۆی داعش هەیە لە توركیاوە بۆ هەولێر و كەركوك پاشان باكوری دیالە و بەغدا بەتایبەت شارۆچكەی تارمییە، لەوێشەوە پلانی تیرۆریستی بۆ بەغدا و پارێزگاكانی تر دادەنێن.”    

زاملی لە کۆتایدا داوا لە مستەفا كازمی دەكات گوشار بكات لەتوركیا و هەرێمی كوردستان بۆ رێگەگرتن لە هاتوچۆی تیرۆریستان و كردنەوەی كەناڵی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەردوولا بۆ هەماهەنگی ئەمنی و هەواڵگری بەمەبەستی بنەبڕكردنی مەترسییەكان و وشككردنی سەرچاوەكانی تیرۆر.  

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button