پیاسەیەك لەگەڵ ئایدۆلۆژیا؛ دەمەتەقێیەك لەگەڵ ئیخوان

(١)
– مرۆڤ هەمیشە خەیاڵی هەیە بۆ باشترکردنی دنیا. واقعیش هەمیشە کەموکوڕی تێدایەو پێرفێکت نیە. ئا لەم دوو دەلاقەیەوە، فیکری نوێ ی تاك و ئایدۆلۆژیای نوێ ی گروپ، لەدایك ئەبن و تا ئێرا ڕەوتە سروشتییەکەی گەشەی دنیاو پەیوەندییە ئاساییەکەی مرۆڤ و واقعیشە.
– یەعنی هەموو ئێستایەك، ئەگەر زۆر باش و گەشەسەندوش بێت، هێشتا بایی ئەونە کەموکوڕی تێدایە کە عەقڵ دەرکی بکاو هێشتا عەقڵیش، بایی ئەوەندە زیندوە، کە تەنانەت کەموکوڕی واقعێکی باشیش ببینێ. لێرەشەوە ئیتر “جوڵە” خاڵی هاوبەشی نێوان عەقڵ و دنیایەو هەردوکیان لە جوڵەدا لە ژیاندان و لە وەستاندا، لە مەرگ و هەلاکدان.
– جا ئەگەر لەوێوە دەستپێبکەین (کە واقعێکی پێرفێكت بوونی نیە)، ئیتر لە دۆگماتیزم نەجاتمان ئەبێ و عەقڵێکی جوڵاومان دەستئەکەوێ. عەقڵی جوڵاویش هەر ئەوەیە کە لە ئێستاو لە واقعە ناپێرفێکتەکەی خۆیدایەو ئەگەریش بگەڕێتەوە بۆ خەیاڵ و مێژوو، هەر بۆ ئەوەیە کە کەرەستەیەك بۆ باشکردنی بیناکەی ئێستای بهێنێ، نەك ئەوەی بڕوات بۆ بینایەکی ساغ و پێرفێکت بگەڕێت!
– واتا مەیدانی ڕاستەقینەی “عەقڵی جوڵاو” ئێستایەو کاتێ عەقڵ مەساحەکانی دوێنێ و سبەینێش ئەگەرێت، هەر بۆ کارکردن لەسەر واقعی ئێستایە، نەك بۆ ئەوەی لە شوێنێکدا، واقعێکی پێرفێكت و ئامادە هەبێ و تۆش بچیت بهێنێ و بیخەیتە شوێنی ئیستا، کە ئەمە خودی وەهمە.
– بەڵێ وەهمە، چونکە سفرکردنەوەی واقعی ئێستاو قەرزکردنی واقعێکی پێرفێكت، لە خەیاڵ یان لە مێژوو یان لە دین و ئایدۆلۆژیا، ئەمە شتێكە تەنیا لە پشتی عەقڵەوە ئەکرێ. ئاخر عەقڵ بۆ ئەوە هەیە کە بجوڵێ، واقعی پێرفێکتیش ئەیوەستنێ، چونکە ئەوەی کە خۆی پێرفێکتە، ئیتر پێوستی بە کاری عەقڵ نیە.
– کاتێ کە عەقڵ لە ناو ئێستاو لە مەیدانەکەی خۆیدایە، ئیتر لەناو واقعەکەوە، بیرکردنەوە جیاوازەکانی تاکەکان دروستئەبێ، کە بەپێ ی پێویستی قۆناغەکە، هەنێکیان ئەبن بە ئایدۆلۆژیاو بە دنیابینی گروپ و گشت.
– یەعنی هەموو واقعێك، بەرهەمی ڕەهەندێکی بینینە، کە کۆمەڵگا دەقی پێوەگرتووەو لەئێستادا هیچ بنەمایەکی عەقڵیی نیەو بەبێ پرسیار دووبارە ئەکرێتەوە. بەڵام پێشترو لە کاتی خۆیدا، لە عەقڵەوە هاتووەو هەڵقوڵاوی پرسیارە جدییەکانی واقعی خۆی بووەو ڕاهاتن و دووبارەی شتێك نەبووە، بەڵکو خۆی ڕووداوە ئەسڵەکەو نوسخە تازەکە بووە.
– یەعنی هەر ئەوەی بۆ ئێمە ڕێگا ناڕەسەن و نادروستەکەیە، بۆ ئەوان ڕێگا ڕەسەن و دروستەکەبووەو ئەوەی بۆ ئێمە تەنیا شکڵ و قەپاغە، بۆ ئەوان ناوەڕۆك و مانابووەو ئەوەی بۆ ئێمە قەتع و پچڕانە لە عەقڵ و لە ئێستا، بۆ ئەوان یەکبوون وەسڵی عەقڵ و واقعەکەبووە!
– جا هەر هەمان واقع، ئەگەر لە گوشەیەکی ترەوە سەیرێکی تری بکرێ، ئەشێ بینینێکی ترمان بداتێ و ئەم بینینە نوێیەش، هەمیشە بە تاك دەستپێئەکاو ئەگەر ڕاستەقینەو هەڵقوڵاوی واقعەکەبێت، دواتر ئەبێتە دنیابینی کۆیی و ئینجا ئەشبێتە خولقاندنی واقعێکی نوێ!
– ئەمەوێ بڵێم “ئایدۆلۆژیا”، لەوێدا کێشەی نیە، کە لە بیرکردنەوەی تاكەوە، دواتر ئەبێ بە بیرکردنەوەی گروپ و هەردوکیشی پێ ی لەسەر ئەرزەو بەستراوە بە واقعەکەی خۆیەوەو سەر بە ئێستای خۆیەتی. (ئەسڵەن ئەمە ڕەوتە دروستەکەی گەشەی مێژووە.) بەڵکو ئایدۆلۆژیا لەوێدا کێشەیە، کە لە دەرەوەی ئەو ڕەوتەدایەو ڕەبتی بە عەقڵ و بە ئێستاوە نیەو پێ ی لە ئەرزی خۆی پچڕاوە!
– ئایدۆلۆژیا لەوێدا ڕەبتی بە عەقڵەوە نامێنێ، کە لە واقعی پێرفێكتەوە دەست پێئەکا. ئیتر ئەم چیرۆکە پیرفێكتە، لەدوامانەوەبێ و لە مێژووە هێنرابێ، لەپێشمانەوەبێ و بەڵێنێکی پیرۆزی ئایدۆلۆژیا بێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت، کە عەقڵ ئەوەستێنێ. چونکە شتەکە خۆی کامڵەو کامڵیش بیرکردنەوەی ناوێ، بەڵکو تەنیا شەڕبۆکردنی ئەوێ. شەڕیش دەروون کاولئەکاو ئا لێرەوەیە کە ئایدۆلۆژیاکان مەکینەی ڕق و شەڕەنگێزیین. شەڕیش دنیا کاول ئەکاو ئا لێرەوەیە کە ئایدۆلۆژیاکان، دێن چاکیکەن و هەر خراپی ئەکەن!
– هێنانی واقعی کات و شوێنێکی تر، بۆ داگیرکردنی ئێستا، کێشەکەی ئەوەیە کە، بەناو داگیرکردنی عەقڵدا ئەڕوات. ئا لێرەوەیە کە ئایدۆلۆژیاکان مەکینەی گەمژاندنن!
– ئینسانی هۆشیار، هۆشیارە بە ئێستاو کارای ناو واقعەکەی خۆیەتی. بەڵام کە بە چیرۆکی واقعە پیرۆزو پێرفێکتەکەی دوێنێ، مەست بوویت و لە ئێستا دابڕایت، ئیتر لە کائینێکی کاراوە، ئەبیتە بەرکارێکی وەستاوی ناو مێگەل و ئەگەر بشجوڵێیت، هەر بۆ دواوە ئەڕۆیت. چونکە جوڵان بۆ پێشەوە، ئەوەیە کە قاچت لە ئێستادابێت. کە قاچت لە ئێستا هەڵکەنرا، ئیتر بەس وەستان و گەڕانەوە بۆ دواوە هەیە، چونکە “ڕێگا” ڕووگەیەو تۆش ڕووت لە دواوەیە!
– یان ئەگەر مژدەی خەونە پێرفێکتەکە، لە دواوەش نەبێ و لە داهاتووشدا بێت، هەر ناکاتە بەرەو پێشەوەچوون، چونکە قاچت لەسەر ئەرزی واقع نیەو هەنگاوەکان پایدەرلێدانە لە بۆشاییدا!
– جا ئەمەوێ بڵێم، دوای جەنگی جیهانی و ڕوخانی خیلافەت، لە جیهانی ئیسلامییدا، دوو ئاڕاستە سەری هەڵدا. ئاڕاستەیەکی عەقڵانیی کە تەواو سەر بە ئێستاکەی دنیای ئەوکاتەیەو کۆمەڵێك منەوەر نوێنەرایەتی ئەکەن لە بابەتی تەهتاوی و محەمەد عەبدەو ئەفغانی.. کە ئەمانە دەروازەیەكبوون بۆ ئەوەی لە ڕێگەی عەقڵەوە بێینەوە ناو ئێستاو ناو دنیا. ئاڕاستەیەکی تریش حەسەن بەناو ئیخوان، محەمەد عەبدولوەهاب و سەلەفیەت، کە لەڕێگەی وەهمی واقعە پێرفێكتەکەو شەڕی سوڵتەوە، ئەگەر هەزار ساڵ عەقڵیان نەبردبێتەوە بۆ دواوە، لانیکەن سەدەیەکە لەجێگای خۆی وەستاندویانە!
– پرسیارەکە ئەوەیە، ئەم شەڕەی سەدەیەکە ئیخوان بۆ سوڵتە ئەیکات، جگە لە دابەشکردنی کۆمەڵگاکان و بڵاوکردنەوەی ڕق، چ ئیزافەیەکی تری هەبووە بۆ ئەم ناوچەیە؟
ڕەنگە بڵێ ی فرسەتی دەسەڵاتیان نەدراوەتێ و غەدریان لێکراوە.. بەڵێ ئەوە ڕاستە، بەڵام نیوەی ڕاستییەکەیە. نیوەکەی تری ڕاستییەکە ئەوەیە، کە تەنیا قۆرخکردنی دەسەڵات، لە لایەن دیکتاتۆرە قەومییەکانەوە هۆکاری قوڕاوەکەی ئەم ناوچەیە نیە. بەڵکو قۆرخکردنی عەقڵیش، لەلایەن ئیسلامییەکانەوە، نیوەکەی تری زەلکاوەکەیە!
– ئاخر سەدەیەك جوڵەی عەقڵ و کرانەوەی دینییمان هەبووایە باشتربوو، یان سەدەیەك ئایدۆلۆژیاو شەڕی سوڵتەو چەقینی عەقڵ؟ بەڵێ چەقین، چونکە لەو شەڕەدا هەر پەنا ئەبرێتەوە بۆ ئیشەلاو ماشەڵاو قیل و قال و وروژاندن و دەمەزەردکردنەوەی عەقڵە داخراوە تەقلیدییەکە، چونکە ئاسان مێگەلی پێ خڕئەکرێتەوە بۆ شەڕەکە!
– لەڕاستیدا، وزەی ڕاستەقینەی بینای حەزارەت و جوڵەی کۆمەڵگا، تەنیا لەوێدا لەدایك ئەبێت، کە یەکلابیتەوە بۆ عەقڵ و کارت بە مێگەل نەبێت. لە شەڕی سوڵتەشدا، هەمیشە موحتاجی مێگەلیت، خۆ ئەگەر شەڕەکە بەرگێکی دینیشی بکەیت بە بەردا، ئەوە هەر مێگەلبازییەکی ڕووت و قووتەو هیچی تر. چونکە لە کۆمەڵگادا، مێگەلی دینیی خۆی دایمە هەیەو حازرەو هەر تۆزێك دروشمبازی و ڕوکەشبازیی گەرەکە بۆ ئەوەی ئیستغالی بکەیت و بیخەیتە شەڕەکەوە!
– جا ئایا کۆمەڵگا موسوڵمانەکان، پێویستییان بە ڕەوتێکی هۆشیاریی و ڕۆشنگەریبوو بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە مێگەلییە، یان پێویستیان بە ڕەوتی دینیی سوڵتەویبوو، بۆ مێگەلاندن و هۆشبردنی زیاتر؟

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button