ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر سێ بڕیاری نوێی ڕاگەیاند

لڤین:

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە، پرسەدانان قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت.

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر،لەبارەی مەترسییەکانی کۆرۆنا و توند کردنەوەی ڕیکارەکانی خۆپارێزی لە ڕاگەیەنراوێکدا  کە ئەمڕۆ (هەینی ٣٠ی تەمموزی ٢٠٢١ ) بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە،” ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى زنجيره‌ى نوێى ڤايرۆسى كۆرۆنا مەترسیدارە و مەترسیيه‌كانى هەڵکشان و تەشەنەسەندنى كۆرۆناى نوێش ڕۆژ دواى ڕۆژ له‌ زیاد بوون دايه‌ بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان.”

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە،” له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تى شاره‌كه‌مان، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، ته‌واوى هاوڵاتییان و دانيشتووانى سنووری پارێزگاى هه‌ولێر ئاگادارده‌كاته‌وه‌، لەم بڕیارانە:

یه‌كه‌م/ هه‌روه‌ك له‌ ڕاگه‌یندراوى ڕۆژى 2021.7.27، ڕامانگه‌یاندووه‌، پرسەدانان لە (کۆڵان – هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچە و هەرشوێنێکی تر) قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بەهۆی زۆرى ژماره‌ى مردووان به‌هۆى ئه‌م ڤايرۆسه‌وە، به‌شێك له‌هاوڵاتييان پابه‌ندنين و ئاگادارين سه‌رپێچی له‌م بڕياره‌ ده‌كرێت، بۆيه‌ جارێكى تر هۆشدارى ده‌ده‌ين به‌ هاوڵاتييانى شاره‌كه‌مان كه‌ پابه‌ندى ئه‌و بڕياره‌بن و ڕه‌چاوى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر هاوڵاتييه‌ك پرسه‌ لە (کۆڵان – هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچە و هەرشوێنێکی تر) دابنێت، له‌لايه‌ن هێزه‌كانى پۆليس ده‌ست به‌جێ پرسه‌كه‌ى داده‌خرێت و به‌پێبژاردن سزا ده‌درێت.

دووه‌م/ دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و ژماره‌ى تووشبوانى زنجيره‌ى نوێى ڤایرۆسی کۆرۆناش له‌ زياد بوون دایە، به‌وهۆيه‌وه‌ له‌نێو نه‌خۆشخانه‌كان ژماره‌يه‌كى زۆر له‌ كه‌س و كار و خانه‌واده‌ و خزمانى تووشبوان سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن و له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كانى تايبه‌ت به‌چاره‌سه‌رى تووشبوانى كۆرۆنا ده‌مێنه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغى زۆر دروست ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش هۆكارێكى ديكه‌ی زيادبوونى ژماره‌ى تووشبوان و بڵاوبوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى كۆرۆنايه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هاوڵاتييانى سنوورى پارێزگاكه‌مان ئاگادارده‌كه‌ينه‌وه‌، سه‌ردانى تووشبوانى كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌كان و مانه‌وه‌ و دروستكردنى قه‌ره‌باڵغى له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك قه‌ده‌غه‌يه‌ و هه‌ركه‌س و لايه‌نێك پابه‌ند نه‌بێت ڕێكارى ياسايى له‌به‌رمبه‌ردا ده‌گيرێته‌به‌ر.

سێيه‌م/ سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پۆلیسی هاتوچۆ) ڕاسپاردراون ئاماده‌كاریی بۆ جێبەجێکردنی ئه‌م بڕیارانه‌ بكه‌ن، ئه‌و بڕيارانه‌ش سه‌رجه‌م قائیمقامیه‌ته‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button