دوای ٥٠ رۆژ دوو ئەندامی پەیەدە لە هەولێر ئازادکران
٥١ رۆژە نوێنەری ئیدارەی خۆسەری لە هەولێر دەستگیرکراوە

لڤین:
دوینێ دوای ٥٠ رۆژ لە زیندانی کردنیان دوو ئەندامی پەیەدە لە هەولێر ئازادکران و تا ئێستاش ئەندامێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کە دەستگیرکرابوو چارەنوسی نادیارە.
دوای مانەوەیان بۆ ماوەی ٥٠ رۆژ لە زیندانەکانی هەولێردا دوو ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان دوینێ ئازاد کران.
لە رۆژی ١٠ی حوزەیران، جیهاد حەسەن، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە لە فڕۆکەخانەی شارەکە لەگەڵ دوو ئەندامی پەیەدە دەستگیرکران لە کاتێکدا بۆ پێشوازیکردن لە وەفدی ئاشتی نێودەوڵەتی سەردانی فڕۆکەخانەی هەولێریان کردبوو.
نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئەو دوو ئەندامەی پەیەدە بێتاوان بوون و نەیانتوانیوە هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغ بکەنەوە ئازادیان کردوون، بەڵام نوێنەرەکەی ئەوان تا ئێستا ئازاد نەکراوە هەرچەندە داواشیان کردووە ئازادی بکەن.