رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان:

قارەمان شوکری تێوەگلاوە بە ئەندامبوون لە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوێکی چەکداری نایاسایی

لڤین:

نوسینگەی دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆمیتەی بەرگریی لە رۆژنامەنووسان (CPJ) قارەمان شوکری بەهۆی ئەندامبوون لە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوێکی چەکداری نایاسایی و تێوەگلان لە کاری هەواڵگری بۆ ئەو ڕێکخراوە  دەستگیر کراوە و حوکم دراوە.

نزیکەی ساڵێکە زیاتر لە ٣٠ رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان دەستگیرکراون بە تۆمەتی جیاجیا حەوت کەسیان تائێستا دادگایی کراون و سزای دوو بۆ حەوت ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمڕۆیش ( پێنج شەممە، ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢١ ) هەرچەندە بڕیار بوو دووان لەوە دەستگیر کراوانە دادگای بکرێن، بەڵام بەبێ هیچ هۆکارێک دواخرا، ئەمە لە کاتێکدا پارێزەرەکانیان باس لەوەدەکەن لە ژێر هەڕەشە و فشاری دەرونیدا ناچار بوون دان بەو شتانەدا بنێن کە بەسەریاندا سەپێنراوە،گرتن و سزادانی ئەو چالاکوانانە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردانەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە بە هەوڵێک بۆ سەرکوتی ئازادی رادەربڕین و کپ کردنی دەنگی رەخنەگران لێکدەدرێتەوە.

جێگەی ئاماژە پێدانە، دوای ئەوەی کۆمیتەی بەرگریی لە رۆژنامەنووسان نیگەرانی خۆی لە سەپاندنی سزای حەوت ساڵ زیندان بە سەر رۆژنامەنووس قارەمان شوکری دەربڕی نوسینگەی دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی ئەو ڕێکخراوەی داوەتەوە و ئاشکرای کردووە،” ئەو تۆمەتانەی بەسەر قارەمان شوکریدا پشتڕاستکراونەتەوە بە هیچ جۆرێک پەیوەندییان بە کاری ڕۆژنامەوانی ناوبراوەوە نییە.”

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” قارەمان شوکری بە بڕیاری دادگا دەستگیر کراوە و بە گوێرەی یاسا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە. ناوبراو بەهۆی ئەندامبوون لە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوێکی چەکداری نایاسایی و تێوەگلان لە کاری هەواڵگری بۆ ئەو ڕێکخراوە  دەستگیر کراوە و حوکم دراوە”.

نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختیشی لەوە کردوەتەوە،” حکوومەتی هەرێمی کوردستان میدیای ئازاد بە کۆڵەگەیەکی گرنگی حوکمڕانی و توخمێکی بنەڕەتی دیموکراسی دەزانێت. ئێمە شانازی دەکەین کە کوردستان میدیای ئازادی هەیە، و نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندنە لە ناوچەکە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button