دوو سەرکردەی داعش لە سلێمانی دەستگیرکران

لڤین:
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئاشكرایكرد، 14 چەكداری داعش دەستگیركراون، دوانیان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر كراون.
لیوا یەحیا رەسوڵ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: پرۆسەیەكی سەربازی لەلایەن دەزگای دژە تیرۆرەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا ئەنجام دراوە بۆ راوەدونانی پاشماوەكانی رێكخراوی داعش، لەپرۆسەكەدا 14 چەكداری داعش دەستگیر كراون، یەكیان سەركردەیەكی رێكخراوەكەیە بەناوی “ئەبو مەعاز” و لە شاری بەغداد دەستگیر كراوە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق باسی لەوەشكردووە، گورزێكی كوشندە لە كەتیبەی “قەعقاع”ی رێكخراوی داعش دراوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی پارێزگای سلێمانی توانراوە دوو سەركردەی رێكخراوەكە بەناوەكانی “ئەبو عەلی” كە ئامری مەفرەزەی سەربازی رێكخراوەكە بووە و “ئەبو خەنسا” كە ئامری مەفرەزەی بەرگری ئاسمانی داعش بووە دەستگیر كراون.