خەسرۆ گۆران: ئه‌مجاره‌ رێژه‌ی به‌شداری لە هەڵبژاردن زۆر زیاتر ده‌بێت

لڤین:

بەرپرسی دەزگـای هـەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند ئه‌مجاره‌ رێژه‌ی به‌شداری زۆر زیاتر ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر، كورد ئه‌گه‌ر هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن له‌وانه‌یه‌ كورسی زیاتر به‌ ده‌ست بێنن.

خەسـرۆ گـۆران، لە دیدارێکدا لەگەڵ میدیای فەرمی حزبەکەی رایگەیاند: هه‌لبژاردنی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرێت یاخود نا، ئێمه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان پابه‌ندین به‌وه‌ی رێكاره‌كان وه‌كو خۆی به‌رێوه‌ ببه‌ین به‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌كو خۆی و له‌ كاتی خۆی ئه‌نجام بدرێت، كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش سووره‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت.

بەرپرسی دەزگـای هـەڵبژاردنی پارتی، روونیشیكرده‌وه‌ ‌ كشانه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در په‌یامێك بوو بۆ لایه‌نه‌كانی شیعه‌ به‌وه‌ی هۆكارن له‌و بارودۆخه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ ناوه‌راست و باشووری عێراق، ته‌قاندنه‌وه‌ی تاوه‌ره‌كانی كاره‌با و سوتاندنی نه‌خۆشخانه‌كان، ئه‌وانه‌ هه‌مووی دژایه‌تیه‌ دژی سه‌دریه‌كان، به‌ڵام كشانه‌وه‌یان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌رێوه‌ ناچێت. كۆمسیۆنی باڵا له‌ رووی هونه‌ریه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ كاره‌كانیان ، سه‌دریه‌كانیش وه‌كو لیست كشانه‌وه‌ی خۆیان به‌ فه‌رمی رانه‌گه‌یاندووه‌.

خەسرۆ گۆران دەشڵێت “ئه‌مجاره‌ رێژه‌ی به‌شداری زۆر زیاتر ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر، چونكه‌ یارییه‌كه‌ گۆڕاوه‌، خه‌ڵكێكی زۆر خۆی كاندید كردووه. نه‌خشه‌ی سیاسی له‌وانه‌یه‌ گۆرانكاری به‌ سه‌ر دابێت، به‌ڵام به‌ شێوازێكی زۆر فراوان نابێت”.

ئەو ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ ‌ كورد ئه‌گه‌ر هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن له‌وانه‌یه‌ كورسی زیاتر به‌ ده‌ست بێنن، سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كاریه‌كانی پارتی رایگه‌یاند كه‌ پارتی له‌ سنوری 30 تا 35 بازنه‌ كاندیدمان هه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا  لە هەندێک ناوچە باره‌گاكانمان راده‌ست نه‌كراونه‌ته‌وه‌ .

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button