بزربوونی کەرەکە بۆ دڵخۆشبوونی ئێمەیە

(١)

نیوەڕۆ دوای نانخواردن (تێر فەلافلم خواردیە، بەڵام هێشتا چام نەخواردیتەوە) بەمۆبایل فەیسبووکم کردەوە، لە پەیجی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی نزیک لە سەرۆکی هەرێم نووسرابوو ” مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین دابەشدەکرێت”.

(( هەواڵێکی گرنگە! ))

(٢)

ویستم ئەو هەواڵە خۆشە بە ماڵەوە برێم، بەڵام زەنگی تەلەفۆنێک لێدرا، گفتوگۆ دەستیپێکرد ” توخوا بەراستیتە، بەراست…”
هاوکارێکی براکەم بوو، باس باسی مووچە بوو، دەیوست لە مزگێنی نەمانی لێبڕینی مووچەی، وەعدی دەعوەتەکی لێوەربگری.

(( گرنگی هەواڵ لە زوو گەیاندنیەتی، ئەمن نەمتوانی لە تەنیشتە خۆم دەعوەتەکەی ببەمەوە))

(٣)

تازە هەواڵی دووبارە تورەکی قوڕاوی ناکا، هیچم نەگۆت، سەیری کۆمێنتەکانی ژێر هەواڵەکەی پەیجی کەناڵی تەلەفزیۆنی نزیک لە سەرۆکی هەرێمم کرد، هەمووی جنێو و سوکایەتی بوو بە حکومەت و سەرۆکەکەی، بەڵام یەکێک بەڕێزەوە نووسیبووی ” جەنابی سەرۆک پێشمان بڵێ لای ئێوە مانگ چەند رۆژە؟!”

(( بەراست، دەبی لە دوای هەڵبژاردن مانگ لای حکومەتی هەرێم ببیتەوە چەند رۆژ!))

(٤)

دەڵێن هەرکاتێک خودا بیویستبا مەلای مەشهوور دڵخۆش بکات، سەرەتا گوێدرێژەکەی لێ ون دەکرد، دوای گەرانێکی زۆر، کاتێک کەرەکەی دەدیتەوە، رۆمی زۆر دڵخۆش دەبوو.

((دۆخی ئێمەش رێک ئاوایە، حکومەت جارێک بەناوی پاشەکەوت، جارێک بە لێبڕین بەشێک لە مووچەکەمان دەخوات، دوای ئەوەی توشی رەزالەت و، نەبوونی و قەردکردن دەبیین، دەڵێن” لێبڕین نامێنی”، ئێمەش زۆر دڵخۆش دەبین))

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button