هەناردە و داهاتى شەش مانگى نەوتى هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکرێت

لڤین:

کۆمپانیاى سۆمۆى تایبەت بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق هەناردە و داهاتى نیوەى یەکەمى ئەمساڵى فرۆشى نەوتى عێراق و هەرێمى کوردستانى ئاشکرا کرد کە داهاتى نەوتى هەرێم نزیکەى ٥ ملیار دۆلار بووە.

عەلى نزار فایەق، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ، ئەمڕۆ (یەک شەممە، ٢٥ى تەموزى ٢٠٢١ ) لە لیدوانێکیدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند،” لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا عێراق ( ٥٢٨ ) ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە کە داهاتەکەى ( ٣٣ ) ملیار دۆلار بووە و لە بەندەرەکانى باشور و کەرکوکەوە هەناردە کراوە.”

لە لێدوانەکەیدا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە،” هەروەها هەرێمى کوردستان لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا بڕى ( ٧٧ ) ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە، ئەگەر نرخى نەوتەکەش بەپێى نرخى نەوتى خاوى کەرکوک حساب بکرێت کە لەلایەن سۆمۆ دەفرۆشرێت، ئەوا داهاتەکەى ( ٤  ملیار و ٨٠٠ ) ملیۆن دۆلارى ئەمریکى بووە.”

سەبارەت بەو وڵاتانەى کە نەوتى عێراقییان کڕیوە ئاماژەى بەوەداوە،” چین لە پلەى یەکەمدایە و بەدواى ئەویشدا هیندستان، عێراق گەورەترین هەناردەکارى دووەم گەورەترین بازاڕى ئاسیایە کە هیندستانە، دواى بازاڕى هیندستانیش بازاڕى ئەوروپا لەپلەى دووەمدایە و دواى ئەویش بازاڕى ئەمریکا دێت لە کڕینى نەوتى عێراق.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button