ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر چەند بڕیارێكی نوێی ڕاگەیاند

لڤین:

ژوری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر، هیچ هاوڵاتییه‌ك بۆ ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌كانی بۆی نییه‌ به‌بێ به‌ستنی ده‌مامك بچێته‌ نێو هیچ فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگایه‌كی حكومی.

ژوری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ ( شەممە، ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢١ ) له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا کۆمەڵێک بڕیاری نوێی بۆ توند کردنەوەی ڕیکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند،” به‌هۆی هه‌ستیاری و مه‌ترسیداری هه‌ڵكشان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زنجیره‌ی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زیادبونی مه‌ترسیه‌كانی ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆ سه‌رگیانی هاوڵاتیان و له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی گشتیی شاره‌كه‌مان، ژوری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر، ژماره‌یه‌ك بڕیاری بۆ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ و فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ حكومییه‌كان و فه‌رمانبه‌رانی سنوری پارێزگاكه‌ ده‌ركردوه‌.”

هەروەها ئه‌وه‌شی خستوەتەڕو،” ده‌بێت سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان و فه‌رمانبه‌رانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر، ته‌واوی مه‌رجه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێبكه‌ن، به‌تایبه‌تی به‌ستنی ده‌مامك و دروستنه‌كردنی گردبونه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغی، هیچ هاوڵاتییه‌ك بۆ ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌كانی بۆی نییه‌ به‌بێ به‌ستنی ده‌مامك بچێته‌ نێو هیچ فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگایه‌كی حكومی، هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌یه‌ك و فه‌رمانبه‌رێك سه‌رپێچی له‌و بڕیاره‌ بكات، به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ به‌رپرسیارن.”

ژوری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر باسی له‌وه‌شكرد، “بەیانی یەکشەمە ٢٠٢١.٧.٢٥، یەکەم ڕۆژی دەوامکردنی فەرمانبەرانە دوای پشووی ڕۆژانی جەژن، بەھەموو شێوەیەک سەردانیکردنی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بۆ مەبەستی پیرۆزبایی جەژن و ڕێکخستنی مەراسیمی تایبەت بە جەژنە پیرۆزە قەدەغە، بەپێچەوانەوە ھەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەک و فەرمانبەرێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە بەرپرسیارن.”

جێگەی ئاماژە پێدانە پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ،لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی دوای کۆبونەوەی لە بارەی دۆخی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی دەرکرد، بۆ خوێندنەوەی بڕیارەکەن سەردانی ئێرەبکە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button