بۆچی ئەیانەوێت دیاردەی شێخ لاهور بسڕنەوە؟

لڤین:

نەخشەی یەکەمی بنەماڵەی بارزانی ئەوە بوو کە لاهور بەرن بۆ سەری رەش و بەیعەت بە بنەماڵەی بارزانی بدات و بیکەن بە یەکێک لە گۆشەکانی ملکەچی و هاوتای ماڵی تاڵەبانی بەرامبەر بە بەشێک لە پارەی نەوت و بەرژەوەندی بازرگانی دەستەمۆ و خەساوی بکەن. ئەگەر ئەوەش روویبدایە  ئەوە پارتی و بنەماڵەی بارزانی سەرکەوتنێکی گەورەیان بۆ حەزە نەخۆشەکانی خۆیان تۆمار دەکرد و بەیەک چەقەنە دووا فرسەت و دووا بەربەستی بەردەمی خۆیان رادەماڵی و سحری شێخ لاهوریان خاڵی دەکردەوە، کوڕوکاڵانی دەروبەری و هەموو ئەو مورید و دەروێشانەی کە لەمڕۆدا سەرمەستن بەوەی کە ئەم پیاوە حەزرەتی مەهدیەو خوداوەند بۆ هەستانەوە و قیامی یەکێتی  دروستی کردووە، بەدیدارێکی لەوجۆرە توشی داڕمانی دەرونی دەبوون. ئەمە سەری نەگرت بۆیە کەوتنە جێبەجێکردنی نەخشەی دووەم.

سڕینەوەی شێخ لاهور لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە؟

دیاردەی شێخ لاهور رەوتێکی تازەیە لەناو یەکێتیدا لە دوای مەرگی تاڵەبانی بە تۆخی لەناو یەکێتی و جەلالیستەکانی حاشیەی خوارەوەی حزب، رەنگی دایەوە. دیاردەی لاهوریەت گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنەما سەرەتاییانەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی لەسەر بنیات نرا. کە بەکورتی ئەمانە بوون:

یەکەم- یەکێتی حزبێکە لەسەر بنەغای ناسیۆنالیزم کار ناکات، بەڵکو لەسەر بناغەی نیشتیمانی و ناسنامەی کوردبوون کار دەکات. لاهوریەت گەڕانەوە بوو  بۆ ئەو فۆرمە لە نیشتیمانی بوون، کە ئاراستەکەی بەرەو بەغدا دەڕوات و دوور دەکەوێتەوە لە تورکیا بە پلەی یەکەم و لە ئێران بە پلەیەکی کەمتر.

دووەم- یەکێتی نیشتیمانی حزبێکە لەسەر بناغەی فکری سیاسی بنیات نراوەو فەلسەفەی سیاسی تایبەت بە خۆی هەیەو لە پەیڕەوکردنی رێبازی سیاسی و ئیدارەدانی ململانێدا هێڵی سیاسی و جیهانبینی خۆیی هەیە. بۆ ئەمەش لەو قۆناغەی کە لاهور بەشێک لە بڕیارە سیاسیەکانی بەدەستەوە بوو، بەتەواوی هەست بەوە دەکرا کە یەکیتی سیاسەت دەکات و سەرگەرمی پلانەکانی خۆیەتی و (سیاسەتی کاردانەوە بەرامبەر بە پارتی) تەرک دەکات. ئەمەش پارتی شێت و شور دەکات، چونکە لە رابووردوودا پارتی توانیویەتی هەمیشە یەکێتی سەرقاڵ بکات بە پارتیەوەو کاردانەوەی هەبێت بۆ سیاسەتەکانی پارتی و سەری نەپەرژێت بۆ سیاسەتەکانی خۆی.

سێیەم- پاشکۆی هیچ هێزێک نیە و کەسیشی وەک پاشکۆ ناوێت. لە کەس ناچێت و تەنها لەو پیاوە دەچێت کە بەوپەڕی لیاقەتی سیاسی و حزبی و بە ویقاری سەرۆک کۆمارێکی ئایندەوە، لە سەرپەیژەی گوندێکی چەپەک نامەیەک دەنوسێ.

چوارەم- یەکیتی حزبێکە لە هەموو ململانێ سیاسیەکاندا رێگای سێیەمی پەیڕەو کردووە و هەرگیز بەشێک نەبووە لە بلۆکی غەربی و بەشێکیش نەبووە لە بلۆکی شەرقی، بەڵکو دیموکراسیەتی لیبراڵی موتوربەکراو بە رەهەندی مرۆڤایەتی و سۆشیالیزمی موتوربەکراو بە رەهەندە کۆمەڵایەتیەکان، پەیڕەوی کارەکانی بووە. ئەوە کێ بوو رۆشت بۆ خەستەخانەی هێوا و بە پیرەمێردەکەی وت (یەکێتی خەستەخانەی هیوا داناخات چونکە حزبێکی سوشیال دیموکراتە؟).

بە کورتی بە کوردی لاهوریەت و هەموو پەیڕوانی ئەو تەریقەتە دەیانەوێت یەکێتی بدەنەوە دەست یەکێتیەکان، یەکێتی رەنگی خۆی وەربگرێتەوەو لە خۆی بچێت. لە ئیستادا دیاردەی لاهوریەت خەونێکی ئەرخەوانییە لەناو خەونەکان و نۆستالیژای کەڵچەرێکی زیندووە، رەگەکانی زۆر بە قوڵی لە ژێر زەویدا باوەشیان کردووە بە کۆمەڵە و رەنجدەرانی ئەم وڵاتەدا. ئەم دیاردەیە پەیوەست نیە  بە کەسێکەوە کە ئەمڕۆ هاوسەرۆکی ئەو حزبەیە، هێندەی پەیوەستە بە  وەچە و نەوەی ئەو دەیان هەزار شەهیدەی کە سۆمای چاوەکانی ئیبراهیم عەزۆ لە نێو چاوانیاندا دەبریسکێتەوەو، چاویلەکەکەی ئارامیان لە چاوکردووەو ئەستێرەکانی ملازم جوامێر و سەی کەریمیان لەسەر شان و دڵیانداوەو هێشتا جۆگەلەی خوێنی رژاوی هەکارییان لە یاد ماوە.

سەری رەش تەونی چنراوی جاڵجاڵۆکەی میت و مۆساد، هەموو جۆرە سەودایەک بە گەلی کوردەوە دەکات، لە هەر چوارپارچەی کوردستان، ئەگەر لاهور بکەوێتە ناو ئەو تەونە ئیتر رەنگی ئەوان دەگرێت، بە دەنگی وان قسان دەکات، وەکو ئەوان بە درۆوە پێدەکەنێت، کەرامەتی مرۆڤ بوون و کوردبوونی خۆی دەبێت دانێت، لە شوێنیاندا سوار سەری خۆیببێت و بکرێتە کاشێرێک لەو سوپەرمارکێتەی کە سەرمایەو دەستمایەکەی خوێنی خۆیی و نەتەوەکەیەتی.

ئەیانەوێت شێخ لاهور بەرن بۆ سەری رەش بۆ ئەوەی:

– حزبەکەی خۆی بە شەرابی سەربەخۆیی و ریفراندۆم و کوردایەتی سەرخۆش بکات، لەملاشەوە دەستلەملان لە گەڵ میت و مۆساد و ئیتلاعات و حشدی شەعبی، بست بەبستی خاکی وڵات بخاتە نێو بۆرسەی کڕین و فرۆشتنێکی هەرزانەوە.

– سەما لەگەڵ گورگە برسیەکانی باخچەلی و تۆرانیەکانی ئەردۆگان بکات و ئەنەکەسەت بۆ بکاتە فریشەتەیەکی خودایی و دەستی بگریت و لە عەفرین و سەرێ کانی، دارستانی زەیتون و  کارژۆلەی کوردیان بۆ سەربڕێت.

– سەری بەرزی نەوی بکەن، فێری بکەن چۆن ملشۆڕی و چاوداخستن، سەرشۆڕکردن، نوشتانەوە، ئاشبەتاڵ و ریفراندۆم و کورد فرۆشتن، بکاتە بەهای پیرۆز و چۆن لەبەردەم دوژمنی گەل چەقەڵێکی بێ نرخ بێت، پشیلەیەکی تۆقیو بێت و وەک مشک و جرج هەمیشە لە هەڵهاتندا بێت. لەبەردمی گەلی خۆشی وەک پڵنگ بێت منداڵی وەکو زەردەشت و کەڵە مێری وەک رەووف ئاکرێیی بکوژێت و موچەخۆران نانبڕاو کات، گەنج و پێشمەرگەی وڵاتمان بخاتە پێش جەندرمە وەو دوای کوژرانیان دایبی و مەسینە بدات بە منداڵ و کەسوکاریان..

– فێری بکەن درۆ بکات، لاپەڕەکانی سەروەری چەواشەبکات، پرچی سپی داپیرەی مێژوو  ببڕێت و هەتکی بکات، فێڵ لە قازی محەمەد کات، لەملاشەوە وەک ژەنراڵی مقەبا خۆی لە مێژوویەکی قەڵبا ناونوس بکات، قەتڵوعامی سولێمان و کوڕانی دیموکرات بۆ ساواک ئەنجام بدات و قیادە مۆقەتە بکاتە پێشەنگی سوپای پاسداران و کوردستانی ئێرانیان بۆ ئازاد بکاتەوە لە پێشمەرگە و دواتر لە قەندیل هەمان کار بکاتەوەو هەمووشی بە کوردایەتی و نیشتیمان پەروەری بفرۆشێتەوە بە گەلی خۆی.

ئەوانەی دەخوازن شێخ لاهور وەک بەرخی قوربانی بخەنە بەردەم چەقۆ کول و ژەنگاویەکەی بارزانی، کە پێشتر دەیان و سەدان جار لە پشتەوە کراوە بە جەستەی شەقار شەقاری ئەم میلەتەدا، دەیانەوێ لاهور بەسەر ئەو دەشتەدا بەرن کە پڕیەتی لە مینەکانی غەدروخیانەتی بارزانی، دەیانەوێت لەناو ئەجندای بن باخەڵی ئەردۆگان و میت و هاکان فیداندا لە ناو چەند لاپەڕەیەکی زەردا ئەرکداری بکەن، هەروەک چۆن خۆیان کراونەتە قەیومێک لەهەولێر ئەمیش بکەنە قەیومێکی بچوکتر بۆ سلێمانی، لە ژێر دەستی قەیومە زەلیلەکەی کوڕو باوک لە هەولێر.

بۆچی شێخ لاهور نەڕۆشت بۆ سەری رەش؟

شێخ لاهور نەڕۆشت بۆ لای بارزانی چونکە:

– ئەوەی ئەو سەردانی دەکات نە مارکسە و نە ئنگلسە مانیفێستی بۆ کرێکاران نوسیبێت، ئەگەر بڕوات دەچێت بۆلای میرابۆیەک خۆیی و باوکی بەتەمەنی یەک سەدەو نیو خەبات و بازرگانیانەوە، جگە لە مانیفێستی خیانەت و خاک فرۆشی و بەرهەمێنانی دار سەبیل هیچ سەنعات و نوسینێک و جوامێرییەکیان نەبووە.

– ئەوەی دەڕوات بۆ سەردانی شارۆن نیە، کە بەرامبەر عەرەبەکانی دوژمنی، شێری ناو بێشە بێت و زەندەقی هەموویان بەرێت،  خاوەنی پەڕینەوەی کەنداوی سویس و سەرکەوتنەکانی جەنگی غوفران بێت، ئەو پیاوەی کە هەتا سنوری بەیروت فەلەستینیەکانی راوناو بە کوشتارگەکانی وەک سەبراو شاتیلا ناوی دەرکردبوو. ئەوەی دەچێت بۆلای هەموو ئەم کارانەی وەک شارۆنی کردووە بەڵام دژ بە گەلی خۆی نەک دوژمنانی گەلەکەی .

– ئەوەی دەڕوات بۆلای خاوەنی رۆژمێری 31ی ئابە. مرۆڤێکە پێچەوانەی هەموو گەلان لە 31ی ئابدا رۆژمێری وڵاتەکەی خستە ژێر پۆستاڵی گاردی کۆماری و کلیلی ژوری نوستنی هەموو پاکیزەکانی وڵاتمی بەخشی بەوان.

– ئەوەی شێخ دەچێت بۆ لای تیتۆ نیە و مەهاتما گاندی و کاسترۆ وهۆشی منە نیە… هیچیان نیە، ئەوەی گوایا دەبێت بچێت بۆ لای کەسێکی خاوەن دیوەخان، خانەخوێیەکی میواندارو زۆر دڵسۆزە، بۆ دوژمنی میلەتەکەی، ئامێزێکە بۆ عزت دوری و خانەوادەی عەلی مەجید و نەصر حەریری بکوژی هەزاران رۆڵەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان . هەرچی بکوژی کورد هەیە لەسەر هەمان ئەو کورسیەی کە عەیامێکە گڵاو بووە، دیمانە بەخێر کراون، ئەمێستاکەش  دەیانەوێ شێخ لاهوریش بەو رجسە شەیتانیەی خۆیان گڵاو بکەن، لەنێو دڵ و گیان و ویژدانی گەلەکەی پاکتاوی کەن…

لاهور خۆی لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟

ئایا لاهور خۆی پێگەی خۆی دەزانی؟ ئایا لاهور دەیزانی بنکەی فراوانی حزب و رێکخستنە بەرینەکانی چیان لەو دەوێت؟ ئایا لاهور بایی هێندە وشیاری سیاسی و فکری هەبوو کە بتوانێت ئیدارەی ئەو هەموو ململانێ حزبی و ناوخۆیی و هەرێمایەتی بدات؟ بە کورتیەکەی ئایا لاهور دەیزانی ئەو خەڵکە و ئەو حزبە کوێیان دێشێ؟

بەداخێکی زۆرەوە وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە نەخێرە!

دەردی هەرە کوشندەی لاهور ئەوە بوو کە خاوەنی قوڵایی فکری و سیاسی نەبوو، وێرای ئەوەی کەلەو بوارەشدا کەموکوڕی زۆری هەبوو، هەوڵیشی نەدا لە رێگای راوێژکردن بە خەڵکانی بیرمەند و هۆشیاری ناو حزبەکەیەوە بتوانێت ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە. لاهور کۆمەڵیک کۆلکە رۆشنبیری ناو فەیسبووک و سیاسەتمەداری ناو بۆرسەی سیاسەتی لەخۆی کۆکردۆبوە کە لە زۆر پرسدا بە هەڵەیاندا دەبرد. ئەگەر ئاسانتری بکەینەوە، دەبێت بڵێن حزبێکی سیاسی یاخود بزوتنەوەیەکی سیاسی پێویستی بە فکرێکی سیاسی دەبێت کە بیکاتە دیدگاو نماینگای خۆی، هەروەها پێویستی بەوە دەبێت کە قاعیدەی خوارەوەی خۆی بەشێوەیەک پەروەردە بکات بتوانن ئەو فکرە سیاسییە تەبەنی بکەن و کاری لەسەر بکەن، دواتریش سەرکردەی ئەو حزبە بتوانێت کۆمەڵێک کەسایەتی سەنگین و سیاسەتمەداری بە سەلیقە و خاوەن مێژوو خاوەن تێگەشتنی سیاسی بکاتە بازنەی یەکەمی بڕیاردان  و جێبەجێکردن لەناو حزب. ئایا لاهور ئەمەی کرد؟ نەخیر نەیکرد بۆ نەیکرد چونکە پەی بە گرنگی ئەو هەنگاوانە نەدەکرد.

ئایا لاهور لە رێگای دەزگای زانیاری و دژە تیرۆرەوە دەست دەگەیشت بە زانیاری دروست و شیکردنەوەی شیاو؟ ئایا بایەخی ئەو دەزگایەو میکانیزمی کاکردنی رۆژێک لە رۆژان جێگای سەرنج بوون بۆ شێخ لاهور؟ بێگومان نەخێر. ئەگەر ئەم دەزگایە دەزگایەکی خاوەن مصداقیەت و کەسایەتی پرۆفیشناڵ و دڵسۆزی تێدا بوایە ئەوە دەبوو رۆژێک لە رۆژان شێخ لاهور بیزانیبا ئەوەی براکانی دەیکەن دەبێتە بەڵگەی تاوان لە دژی خۆی بەکار دێتەوە.

سەرەنجام کێ شکستی خوارد؟

ئەوەی شکستی خوارد نە شێخ لاهور بوو نە براکانی و نە ئەو کەسانەی لەبن دەستی ئەو خەریکی خۆ دەوڵەمەندکردن و کۆکردنەوەی ملیۆن بوون. ئەوەی تێکشێنرا ئەو هیواو ئومێدە بوو کە گەلێک بۆ ئاییندە لەخەیاڵی خۆیدا هەڵیچنیبوو. ئەوەی شکستی خوارد تێکشاندنی هێڵێ نیشتیمانی و کوردستانی بوو لە زۆنی سەوز. ریفراندۆمی 25/9/2017 نیوە سەرکەوتوو بوو، نیوەی ئاواتەکانی بنەماڵەی بارزانی و تورکیا هاتنەدی. ئەو نیوەی ریفراندۆم کە شکستی خوارد لە راستیدا لاهوری شێخ جەنگی نوێنەرایەتی دەکرد. بۆ یەکەمجار بوو لە مێژودا گەنجێکی ناو یەکێتی پلانێکی پاراستن و بنەماڵەی بارزانی لەبار بەرێت و شەرعیەتی سیاسی و مەرجەع بوونی لێبسەنێتەوە. ریفراندۆم دەبوو کەرکوک بکاتە حەڵەب و دواتر تورکیا بێتە ناوی بە بیانوی شەڕی ناوخۆ و پاراستنی تورکمان، بەڵام ئەمە لاهور گرتی. دەبوو هێزە سەربازییەکانی یەکێتی تەفروتونا بن و لە رێگای ئەوەشەوە ئەندامانی حزب هەڵگەڕێنەوەو لە دژی حزبەکەی خۆیان و هەڵەی سیاسی شەڕی کەرکوک حزبەکە بەرەو تەفروتونا بوون بەرن. ئەمانە هیچی سەری نەگرت بەڵکو لەوەش زیاتر لە دوای کۆنگرەی پێنج بە هەموو کەموکوڕیەکانەوە یەکێتی زیندوو بۆوە و کەوتەوە سەر قاچەکانی خۆی. بۆیەکەمجار بوو  لە دەساڵی رابووردوودا حزبە عێراقیەکان وەفدەکانی بیانی دەگەڕانەوە بۆ لای یەکێتی و پرس و راوێژیان دەکرد.

ئیستا باجی ئەو شکستە بۆ یەکێتی زۆر قورستر دەبێت لەوەی کە پێشبینی کراوە، چونکە پارتی دوای ئەو قۆناغە ئیتر یەکێتی بە یەکێتی تەسفیە دەکات و وایلێدەکات هەرگیزاو هەرگیز لە کۆماو غەفلەتی سیاسی بەهۆش خۆیدا نەیەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button