وەزیری ناوخۆیی تورکیا بۆچی بەردەوام باسی ئێراق و سوریا دەکات

ئەگەر سەرنج بدەین لەجێگەی وەزیری دەرەوەی تورکیا چەندین جارە وەزیری ناوخۆیی تورکیا لەسەر دەستوەردانەکانی تورکیا لە باکوری ئێراق و باکوری سوریا لێدوان دەدات ، بێگومان ئەوە پەیامێکە ، دەخوازێت بڵێت کاروباری باکوری ئێراق و باکوری سوریا بەشێکی دانەبڕاوە لە کاروباری ناوخۆیی تورکیا ، (تایبەتە بەوەزارەتی ناوخۆ )، واتە ئەو دووبەشەی کە ئێستا سوپاکەی داگیری کردوە ، وەک بەشێک لەووڵاتانی ئێراق و سوریا حسابی بۆ ناکەن .
ئەم پەیامانە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لەم ئێراقە هیچ کاردانەوەیەک ناتوانن نیشان بدەن ..! چونکە ئێستا بە کردەوە بەشێک نین لەم ئێراقە…
بێگومان ئێراقی ئێستا باشترین زامن و گرنتی مانەوەی ئێراقیەکان لەسەر خاک و ماڵوموڵکی خۆمان ، بەتایبەت ناوچەکانی سەرسنوور ،وە بە تایبەت تر خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان .
لێدان لە پێگەی سیاسی ئێراق کە حکومەتی هەرێم ئەرکدار کراوە بۆ لێدانی ، دەرفەت و زەمینەی ئەو لێداوانانەی (سویلۆ )ی وەزیری ناوخۆی تورکیای خوڵقاندوە ، تورکیا ئەم جەسارەتانەی لەکوێ هێناوە ، هەموو لایەک دەزانن دەیان ساڵە گەریلا لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا باڵادەستە ، دەیان حکومەتی تورکیا بە بەڵێنی لەناوبردنی گەریلا سەریان نایەوەو تێکشکان ، ئێستا بۆ کار گەیشتۆتە ئەوەی وەزیری ناوخۆی تورکیا بەسەر ئەم هەرێمەدا بەم لووت بەرزیە لێدوان بدات ..؟
بۆ باکوری سوریا دۆخەکە زۆرجیاوازترە، هەرچێک بڵێت وەک ئێرە لێکدانەوەی بۆ ناکرێت ، چونکە باکوری سوریا تا ئێستاش نەچۆتە چوارچێوەیەکی فەرمی و خاوەنی هیچ پارێزبەندی و ستاتویەک نیە ….
حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو حزب نەک هەر ملکەچی تورکیان و وەڵام نادەنەوە ، بەڵکو بەکردەوە خۆیان زەمینەسازی بۆ گواستەوەی هەرێم و دامودەزگاکانی دەکەن بۆ بن دەستی تورکیا ، تێکڕای دامودەزگاکانی ئەمن و هەواڵگری لە مێژە کەوتۆتە بن دەستی میت و وەزیری ناوخۆی تورکیا ، ڕووداوەکانی سلێمانیش گەر پێشی نەگیرێت ، بێگومان لەداهاتویەکی نزیکدا دەیبینین چ کارەساتێک ڕوودەدات ……
تورکەکان بە دەوڵەت و بەکارهێنانی پێگەی دەوڵەت، داگیرکاری و توانەوە بەسەر گەلی ئێمەو تەواوی ئەو پێکهاتانەی توانای بەرگریان نیە یان نامێنێ دەسەپێنن، لەهەر کوێیەک ئێمە هەبین ، ئەوان هەوڵی لەناوبردنمان دەدەن، بۆ ئەوە هیچ سنورێکیش ناناسن، ئێمەش ئەو پێگە گرنگ و بەرچاوەی لە ئێراق هەمانە و بەستهاتوە ، دیسانەوە لە جیاتی ئەوەی بۆ خۆ پاراستن و بەرپەرچدانەوەی تورکیا بەکاریبهێنین، بەردەوام بەفیتی تورکیا و بەدەستی حزبە کوردیەکان لێدەدرێت و سوکایەتی پێدەکرێت، ئەوە گەورەترین زەربەیە کە تورکیا بەدەستی خۆمان لە خەڵکی کوردو پێگەی سیاسی گەلەکەمانی داوەو دەدات، تا ئێستاش ناهێڵن بۆ یەک ڕۆژیش ، خەڵکی ئەم هەرێمە ممارەسەی سیاسی و پێگەی سیاسی وبەکارهێنانی پێگە گرنگەی ئێراقی بکات ، سود لەو هەموو دەرفەتە گەورانە وەربگرین کە لەم ئێراقە بەدەستمان هێناوە، پاساو هێنانەوە بۆ شکست یان بوونی دەسەڵاتێکی تایفی لە ئێراق و لاوازی دەوڵەتی ئێراق، ئەوە لە تورکیاوە سەرچاوەی گرتوەو فیتی تورکیایە، بەشێکی سەرەکی لاوازی دەوڵەت و حکومەتەکانی ئێراق بە هۆی دەستوەردانەکانی تورکیاوەیە دروست بوە، تا دەستوری ئێراق و نەخشەی ئێراق باس لەخاك و گەلی ئێراق و برایەتی و پێکەوژیان بکات، ئەوا تورکیا دەستهەڵناگرێ لە تێکدان و کاولکاری و لەشکرکێشیەکانی بۆ سەر گەلان و خاکی ئێراق و هەرێمی کوردستان.
ئامانجی سەرەکی تورکیا بۆ هەموو لایەک ئاشکرایەو لەکەس شاراوە نیە، تورکیاش لەو کردەوانە شەرمی ناکات و بەڕاشکاوی لەو باوەیەوە لێدانی داوەو دەیدات و شەرمنایگرێ و بە عەیبیشی نازانێ، ئەویش هیچ ماف و ئازادی و ئیدارەیەک بۆ هیچ گەل و پێکهاتەیەکی ناوچەکەی قبووڵ نیە، زۆر بە تایبەتی تر بۆ گەلی کورد لەهەر شوێنێک بێت بەبێ جیاوازی، ئەرکی گەلەکەمان و تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و حزبەکانیەتی کە هەڵوێستی زۆر جدی نیشان بدرێت بەرانبەر بەو هەموو سوکایەتیەی کە تورکیا بەرانبەر ئەم هەرێمەو خەڵک و خاکەکەی دەیکات، ناکرێت پێگەی ئێراق و دەوڵەتە فیدراڵیەکەش بۆ مەبەستە نەخرێتەگەر، لە کاتی ئێستا ئەوە گەورەترین هەلی بەردەستە و تاکە زامنی ڕاوەستاندنی ئەو هەموو سوکایەتیەی سویلۆ) ی وەزیری ناخۆی تورکیاو باقی کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیایە ….

یاسین عەلی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button