بە وێنە… لافاو وڵاتی چین-یشی گرتەوە و زیاتر لە 25 کەس خنکان

لڤین:

دوای ئەو لافاوەی لە رۆژانی ڕابردوودا بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت ئاڵمانیای گرتەوە، لە ئێستادا لافاو وڵاتی چینیشی گرتوەتەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش تائێستا زیاتر لە 25 كەس خنکاون.

میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە کە لافاوەكە ویلایەتی خنان-ی لەگەڵ چەند شارێكی دیكەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، كە یەكێكە لە چڕترین ویلایەتەكانی چین لەڕووی دانیشتوانەوە.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە درەنگانێكی شەوی ڕابردوو سوپای چین ناچاربووە لە شاری لویانگ لە ویلایەتی خنان بەنداوێك بتەقێنێتەوە، بۆ ئەوەی مەترسییەكانی لافاوەكە كەمبكاتەوە.

لە هەندێك شوێن، لافاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئاو چووەتە ناو ماڵ و شوێنەكان و میترۆكانەوە، باس لەوەش دەکرێت کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 100 هەزار كەسیان لەخنکان رزگاركردووە.

لافاوەکە زیانی زۆری مادیشی لێکەوتوەتەوە و بەهۆیەوە سەدان ئۆتۆمبێل و خانوو ژێر ئاو کەوتوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button