پۆلیسی سلێمانی: ئەو کەسەی لە شەقامی سالم تەقەی کرد دەستگیرمان کرد

لڤین:
پۆلیسی سلێمانی، ڕایگەیاند ئەو کەسەی درەنگانێکی شەوی رابردوو لە شەقامی سالم تەقەی کرد دەستگیریان کردووە و دەستیشیان بەسەر ئۆتۆمبێل و دەمانچەی تۆمەتبارەکەدا گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تەقەکەرێکیان لەشەقامی سالمی شاری سلێمانی دەستگیرکرد.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: “دوای ئەوەی کاتژمێر (٢:٢٥) خولەکی شەوی ڕابردوو کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی لەناوەڕاستی شەقامی سالم بەنایاسایی ڕادەگرێت و تەقە دەکات، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنەکە و توانیان کەسەکە دەستگیر بکەن، ھەروەھا دەستیشگیرا بەسەر ئۆتۆمبێل و دەمانچەی تۆمەتبارەکەدا کە تەقەی پێ کردبوو”.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە لەئێستادا تۆمەتبار (د، أ، م لەدایکبووی ١٩٨٢) بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراوە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی ڕزگارییەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ گرتەی ڤیدیۆیی کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی لەناوەڕاستی شەقامی سالم لە شاری سلێمانی بە پێچەوانەی ئاراستە ڕاگرتبوو تەقەی دەکرد.