پەلاماردانەکانی شەوی ڕابردووی داعش کوژرانی پۆلیسێک و برینداربوونی ٩ی دیکەی لێکەوتەوە

پەلاماردانەکانی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعش، لە سنوری پارێزگای کەرکوک کوژراوێک و ٩ برینداری لێکەوتەوە.

درەنگانێکی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە قەزای داقوقی باشوری کەرکوک ھێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیسی فیدراڵی عێراق و لە ئەنجامی ڕوبەڕوبونەوەی هەردولا پۆلیسێک کوژرا و دوو پۆلیسی تری عێراق برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە چەکدارەکانی داعش لە سنوری ناحیەی رەشادی باشوری خۆرئاوای کەرکوک، پەلاماری ھێزە عێراقییەکانیاندا و بەوهۆیەوە شەڕێکی سەخت ڕوویدا و بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیا عێراقییەکان، لەو ڕوبەڕوبونەوەیەدا لانی کەم حەوت سەربازی عێراقی برینداربوون.

ئەو هێرشانەی چەکدارانی داعش دوای ئەوە هات کە هەر شەوی ڕابردوو هەواڵی ھەوڵی تیرۆرکردنی سەمیر مالیکی، فەرماندەی ھێزی ئاسمانی عێراق بڵاو بوەوە، کە لەبەردەم ماڵەکەیدا لە بەغدا بۆمبێکی چێنراو دانرابوو بەر لە تەقاندنەوەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پوچەڵکرایەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button