فڕۆکەخانەی سلێمانی چەند رێکارێکی نوێی راگەیاند

لڤین:
فڕۆكەخانەی سلێمانی چەند رێنماییەكی سەبارەت بە گەشتكردن و هاتن بۆ هەرێمی كوردستان دەركرد و رایدەگەیەنێت؛ لە كاتی گەشت كردن پێویستە هاوڵاتی پشكنینی كۆرۆناى کردبێت و ئەنجامی نێگەتیڤی پێبێت.
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى لە راگەیەنراوێکدا بڵآویکردەوە: لە كاتی گەشتكردنی هاوڵاتیاندا پێویستە پشكنینی کۆرۆناى كردبێت و بە نێگەتیڤی دەرچووبێت پێش كەمتر لە (72) کاتژمێر، جا ڤاكسینی وەرگرتبێت یان وەری نەگرتبێت.
ئەوەشی راگەیاندووە، فڕۆكەخانە هیچ پاساوێك قبوڵ ناكات بەوەی هاوڵاتی لە وڵاتی دەرەوە هاتبێتەوە و رێگەی پێ دەدەن یا نا ئەوە بەرپرسیارێتی فڕۆكەخانە نییە.
سەبارەت بە هاتنە ناوەوەش دەڵێت: ئەو هاوڵاتیەی بەڵگەی پشكنینی نێگەتیڤ یان بەڵگەی هەردوو بڕە ڤاكسینی هەڵگرتبێت رێگە پێدراوە و بە ئاسایی دێتە هەرێمی كوردستان، ئەوەشی هیچ بەڵگەیەكی پێ نیە تیمەكانی تەندروستی پێش هاتنە ناوەوەی بۆ هەرێمی كوردستان پشكنینی بۆ ئەنجام دەدەن.
فڕۆكەخانەی سلێمانی باسى لەوەشکردووە، كۆمپانیاكان بەرپرسن لە پێدانی زانیاری پێویست بە هاووڵاتیان كە لە سەر هێڵەكانیان گەشت دەكەن و بەرپرسیارێتی هەر كێشەیەك بەدەر لەو خاڵانە دەكەوێتە ئەستۆیان.
ئاماژە بەوەشکراوە، مناڵان تا تەمەنی (10) ساڵ پێویستە تیمەكانی تەندروستی لەگەڵ نوێنەری هێڵی ئاسمانی هەماهەنگ و راوێژ بكەن لەبەر رۆشنایی ئەو رێنمایانە كە لە وڵاتانی دەرەوە دەرچووە سەبارەت بە رێگە پێدان یان رێگری لە گەشت كردنی ئەو مناڵانە، فڕۆكەخانە بەرپرس نیە لە رێگرتنی مناڵان لە لایەن هێڵە ئاسمانیەكانەوە.