رێگای بیلا رووسیا بە رووی کۆچبەراندا داخرا

لڤین:

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دیاردەی کۆچی نایاسایی لە عێراقەوە بۆ ناو خاکی لیتوانیا لەڕێگەی وڵاتی بیلاڕووسیاوە دەستی پێ کردووە و ئێستاش بەوهۆیەوە بیلاڕووسیا دەیەوێت سنورەکانی تەلبەند بکات.

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند “بەهۆی دروستبوونی پەیوەندیی گەشتیارییەوە لە نێوان عیراق و بیلاڕوسیادا، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دیاردەی کۆچی نایاسایی لە عێراقەوە بۆ ناو خاکی لیتوانیا دەستی پێ کردووە کە چەندین لێکەوتەی هەبووە و لە ئێستاشدا بەشێک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان خۆیان ئامادەدەکەن کە لەم ڕێگایەوە بگەنە وڵاتە دڵخوازەکانیان لە خاکی ئەورووپا”.

ئەو دەشڵێت “لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان و عیراق بەشێک لە قاچاخچییەکان دەستیان کردووە بە هاندانی گەنجان بۆ ئەوەی کە لەڕێگای کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتی بیلاڕوسیا و ئەوانیش لەو وڵاتەوە بە ئۆتۆمبێل دەیانخەنە ناو خاکی لیتوانیا.”

سەرۆکی رێکخراوەکە روونیشیکردووەتەوە ” بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمیی وڵاتی لیتوانیا، بەشێک لە کۆچبەرەکان وا تێگەیەندراون کە لە وڵاتی لیتوانیاوە بە فڕۆکە دەگەیەندرێنە ئەو وڵاتەی کە خۆیان دەیخوازن. لە بەرامبەر ئەمەشدا، قاچاخچییەکان بڕی 10 هەزار دۆلار تاکو 17 هەزار دۆلار لە هەر کۆچبەرێک وەردەگرن.”

ئاری جەلال وتیشی ” بەهۆی کێشەی نێوان بیلاڕوسیا و لیتوانیاوە و هەروەها بەهۆی خێرایی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیەوە، وڵاتی لیتوانیا نەیتوانیوە ئامادەکاریی گونجاو بکات بۆ پێشوازی لە پەنابەران، بۆیە بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە بۆ ئەو پێشوازییە و بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆر لە کۆچبەران باس لەوە دەکەن کە ئەوان لە زینداندان نەک کامپی پەنابەران”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو “وڵاتی لیتوانیا لەئێستادا بڕی 41 ملیۆن دۆلاری دابین کردووە بۆ تەلبەند کردنی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتی بیلاڕوسیا و دانانی کامێرای چاودێری و ڕادار لەسەر ئەو سنوورانە بۆ ڕاگرتنی هەموو سنووربەزاندنێک.”

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button