بکوژی هیشام هاشمی دەستگیر کرا و چۆنیەتی کوشتنەکەی ئاشکرا کرد

لڤین:

بکوژی هیشام هاشمی، کە بینیم ھیشام ھاشمی دابەزی لێی نزیک بوومەوە و ئەو دەمانچە حکومیەی کە پێم بوو دەرمھێنا و چەند فیشەکێکم پێوە ناو.

هيشام هاشمى توێژەری ئەمنی و شیکەرەوەى دیارى عێراقى شەوى ( ٦ى تەمموزى ٢٠٢٠ ) لەبەردەم ماڵەکەى خۆیدا لەناوچەى زەیونەى بەغدا کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا بوو دەگەڕایەوە ماڵەوە، لەلایەن سێ چەکدارەوە كە ماتۆڕسکیلیان پێ بوو تیرۆر کرا.

هیشام هاشمی یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران بوو، دواین توێژینەوەی تایبەت بوو بە کێشەکانی ناو حەشدی شەعبی و دابەشبوونی ئەم هێزە مەزهەبییە بەسەر بەرەی وەلائییەکانی ئێران و حەوزەی نەجەفدا.

لەڕاگەیەنراوێکدا دەزگا ئەمنییەکانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ ( ھەینی، ١٦ی تەمموزی ٢٠٢١ ) بڵاوی کردەوە، دوای ھەوڵێکی زۆری دەزگاکانیان توانیویانە تۆمەتبارێک بە ناوی (ئەحمەد حەمداوی و عوێد ) دەستگیر بکەن کە ئەفسەری پلە یەک بووە لەھێزەکانی ناوخۆ و دوای لێکۆڵینەوەش دانی بەتاوانەکەیدا ناوە بەوەی ھیشام ھاشمی کوشتووە.

بكوژەكە لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٥، ساڵی ٢٠٠٧ بە پولیس دامەزرێندراوەو دواتر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق پلەی مولازمی یەکی وەرگرتووە.

بەپێی ئەو دانپێدانانەكەی كە بڵاوكراوەتەوە تاوانبار دانبەوەدادەنێت كە پلانی تیرۆركردنەكەیان پێشتر داڕشتوە و  وتی،” نزیکەى کاتژمێرى 7ى سەر لەئێوارە بو کۆبوینەوە و چینە دەرەوە، دو ماتۆڕسکیڵ بوین، زەهرا و ئەوانەشى لەگەڵم بون یەکى دەمانچەیەکمان پێ بوو، کە دانەیەکى دەمانچەى کڵۆک بوو.”

وتیشی،”دواتر لە بوعەیسە لەسەر پردەکەى زەعفەرانیەوە محمەد قاسمیشمان هەڵگرت و بەرەو زیونە ڕۆشتین و چوینە باخچەیەکى گەڕەکەکە نزیکەى کاتژمێرێکمان پێ چو، دواتر بینیمان ئۆتۆمبێلێکى پڕادۆ لەبەردەم ماڵەکەى هیشام هاشمى دا ڕاوەستا”.

هەروەها باس لە ساتی تیرۆركردنی هیشام هاشیمی کرد و ووتی،” کە بینیم هیشام هاشمى دابەزى لێی نزیک بوومەوە و ئەو دەمانچە حکومیەى کە پێم بوو دەرمهێنا و چەند فیشەکێکم پێوە ناو دواتر ماتۆڕسکیلەکان هاتن و یەکێکیان هەڵیگرتم و ڕامانکرد.”

سەبارەت بەم تاوانبارەیش دەزگا ئەمنیەکان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و ئاماژەیان بەوەداوە،” بەپێى پشکنینەکان بۆ دەمانچە و سەرجەم بەڵگەکان ناوبراو تاوانەکەى ئەنجامداوە و دادگا بەئامادەبوونى نوێنەرى داواکارى گشتى و پارێزگارى تۆمەتبار بەڵگەکانى سەلماندووە و تۆمەتباریش لەبەردەم لیژنەى لێکۆڵینەوەدا دانى بەوردەکارى کردەوەکەیدا ناوە.”

بکوژی هیشام هاشمی

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button