نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە بڕیارێکی پەرلەمانی بەلجیکا دەکات

لڤین:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ بڕیاری په‌رله‌مانی به‌لجیكا بۆ به‌ جینۆساید ناساندنی كۆمه‌ڵكوژیی كوردانی ئێزیدی له‌سه‌ر ده‌ستی داعش ده‌كات.

په‌رله‌مانی به‌لجیكای فیدراڵ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ دانی نا به‌ جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزیدی له‌ سه‌ر ده‌ستی رێكخراوی داعش، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ( هەینی، ١٦ی تەمموزی ٢٠٢١ ) سەبارەت بەو بڕیارە تویتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،”ناساندنی کۆمه‌ڵکوژیی ئێزدییان وه‌ك جینۆساید له‌ په‌رله‌مانی به‌لجیکا هه‌نگاوێکی گرنگه، پێشوازی لێده‌که‌م.”

لەبەشێکی تری تویتەکەدا هاتووە،”هیوادارم ‌په‌رله‌مانی وڵاتانی د‌یکه‌ش هه‌نگاوی وا بنێن و بیێته‌ هانده‌رێك بۆ قه‌ره‌بۆکردنه‌وه‌، گێڕانه‌وه‌ی مافی خوشك و برایانی ئێزدیمان و جێبه‌جێیوونی دادوه‌ری بۆ قوربانییان”.

ڕەشنوسی پڕۆژە یاساکەی پەرلەمانی بەلجیکا:

ره‌شنووسی پڕۆژه‌ بڕیاری پێشكه‌ش كراو بۆ به‌ جینۆسایدناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی داعش‌ كه‌ له‌ ( ١٠ )  لاپه‌ڕه‌ پێكهاتووه‌ و به‌ هه‌ردوو زمانی فه‌ره‌نسی و به‌لجیكی داڕێژراوه‌، ورده‌كاری له‌باره‌ی زۆرێك له‌ تاوانه‌كانی داعش ده‌رهه‌ق به‌رامبه‌ر به‌ ئێزیدییه‌كان و زانیاری له‌باره‌ی ئایینی ئێزیدییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت و داوا ده‌كات:

یه‌كه‌م/ ته‌واوی دامه‌زراوه‌ به‌لجیكییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ به‌كاربهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ دڵنیا بنه‌وه‌ كه‌ داعش تاوانی كۆمه‌ڵكوژی له‌ دژی ئێزیدییه‌كانی ئه‌نجامداوه‌.

دووه‌م/ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نابێت تاوانباران له‌ سزای یاساییان له‌ عێراق و سووریا رزگاریان بێت.

سێیه‌م/ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی دادگای به‌لجیكا بۆ دیاریكردن و دادگاییكردنی هه‌ر هاووڵاتییه‌كی به‌لجیكی، كه‌ له‌ تاوانه‌كانی دژ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی تێوه‌گلا بن.

چواره‌م/ داوا له‌ حكومه‌تی به‌لجیكا بكرێت، یارمه‌تی ئه‌و ئێزیدییانه‌ بدات، كه‌ ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان له‌ شاره‌كانیان، به‌و مه‌رجه‌ی رێككه‌وتنی ‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق به‌ نێوه‌ندگیری نێوده‌وڵه‌تی جێبه‌جێ بكرێت، له‌گه‌ڵ چاودێریكردنی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و رێككه‌وتنه‌.

پێنجه‌م/ گرنگی به‌شداریكردنی به‌لجیكا له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بونیادنانه‌وه‌ی شار و گونده‌ وێرانكراوه‌كان.

شه‌شه‌م/ پێشكه‌شكردنی هاوكاری مرۆیی دیاریكراو بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ست توندوتیژی سێكسی، كۆیلایه‌تی و بێڕێزی به‌رامبه‌ر به‌ كه‌رامه‌ته‌وه‌ ناڵاندوویانه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button