وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی لەبارەی مۆڵەتی بێ موچە دەرکرد

لڤین:
وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان چەند بڕیارێکى لەبارەى مۆڵەتى بێ موچە دەرکرد و مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی بێ موچە ئاشکرا دەکات.
وەزارەتەکە لە نوسراوێکدا کە ژمارە (11542)ى لەسەرە چەند بڕیارێکى سەبارەت بە مۆڵەتى بێ موچەى مامۆستایانى قۆناغەکانى بنەڕەتى و ئامادەیى دەرکردووە.
بە گوێرەی ئەو بڕیارانە مامۆستای ئافرەت کە لە مۆڵەتی دایکایەتیدایە، مافی هەیە لە ماوەی 10 رۆژ دوای دەستبەکاربوونەوەی داوای مۆڵەتی بێ موچە بکات.
بڕیارەکان:
1- لەدوای 21-12-2015 مۆڵەتی بێ موچەی لە دوو ساڵ تێپەڕ نەبووبێت، واتە لەدوای ئەم رێککەوتە تەنیا مافی دوو ساڵ مۆڵەتی بێ موچەی هەیە.
2- سەبارەت بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی بێ موچە:
– پێویستە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی مۆڵەتی بێ موچەکە دەست بە کار بکاتەوە و دووبارە داواکاری پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بەو مەرجەی مافی مۆڵەتی بێ موچەی مابێت.
– بۆ ئەو مامۆستایەی لە دەرەوەی وڵاتە و بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە، پێویستە بە راپۆرتی پزیشکیی ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیە پشتڕاستبکرێتەوە و دواتر لەلایەن نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راستاندنی بۆ بکرێت و دوای پەسندکردنی لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت مۆڵەتی بێ موچەی بۆ درێژبکرێتەوە (بەو مەرجەی مافی هەبێت).
3- مامۆستای ئافرەت کە لە مۆڵەتی دایکایەتیدایە، مافی هەیە لە ماوەی 10 رۆژ دوای دەستبەکاربوونەوەی داوای مۆڵەتی بێ موچە بکات؛ بەپێی فۆرمی ژمارە یەک، بەو مەرجەی ئەو مافەی مابێت.
4- هۆکاری داواکردنی مۆڵەتی بێ موچە وەکو لە خاڵەکانی فۆرمی ژمارە 1دا هاتووە، پێویستە لەلایەن داواکارەوە بە روونی ئاماژەی پێبکرێت کە بۆچی مەبەستێک مۆڵەتەکە وەردەگرێت.
5- هەڵوەشانەوە و بڕین:
– هەڵوەشاندنەوە کاتێک دەکرێت کە 7 رۆژ بەسەر دەرچوونی فەرمانی وەزاری تێپەڕ نەبووبێت و دەستی لە کار هەڵنەگرتبێت.
– بڕینی مۆڵەتەکە لەدوای دەست لە کارهەڵگرتن دەبێت، بە مەرجێک لە 31-12-2021 تێپەڕ نەبووبێت.