لە سلێمانی چی دەگوزەرێت؟

ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت ڕووداوی سیاسییە. ڕووداوی سیاسی یانی ئەو ساتەوەختەی کە سیاسەت پەردە و ڕوکەش و میکیاجەکانی لادەبات و وەک خۆی دەردەکەوێت. بە زمانی گشتی دەکەوێتە سەر پلێت. ئەم ساتەوەختە ئێجگار دەگمەن و تایبەتە، لە کاتێکدا پێویست دەکات کە زۆرترین قسەی لە سەر بکرێت، زۆرترین بێدەنگی بەرهەمێناوە. دیارە قسەکردن لە سەر ڕوداو لە دونیای ئێمەدا ئێجگار دەگمەنە. ئەوەی هەیە زیاتر ژاوەژاو و ناڕاستییە.

لێرەدا چەند سەرنجێک دەخەمە ڕوو:

یەکەم، هەتا زیاتر سیاسەتی ئێمە خێزانی و بنەماڵەیی ببێت، ئەوا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ململانێ لە سەر دەسەڵات و دەستاو دەست لە ناو کایەی خێزاندا ڕوبدات. کەواتە ئەم قەیرانانە بەردەوام نەوە لە دوای نەوە ڕودەدەن و جارجاریش وەک ناوبڕێک لە پڕ ڕودەدات. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین دەزگا و یاسا و پرۆسەی بە نیشتمانی کردنی دەسەڵات و خەڵک بەرهەم بهێنین.

دووەم، نەوت و تەکنەلۆجیا کۆمەڵگای باشوری وەها گۆڕیوە، کە پێکهاتەکانی وەک جەماوەر و پشتیوانی و بڕوا، گۆڕانکاریی زۆریان بە سەرداهاتووە. وەک سایمۆن تۆرمی پێمان دەڵێت لە سەردەمی تەکنەلۆجیای خێرادا زەمانی بونیادنان کۆتایی هاتووە. چیدی جەماوەر و دۆست و لایەنگر و دیدی و ئایدۆلۆژیا بونیادنانرێت. بەڵکو لە پڕ خێرا لە ڕێگای میدیاوە، دروست دەبن و خێراش کۆتاییان دێت. ئەمە دەریدەخات ئەوەی پێی دەڵێن لایەنگر یان جەماوەر یان دۆستان، جگە لە پەشمەکێک هیچی تر نین.

سێیەم، نەرمۆڵەیی ئەو بونەوەرەی پێی دەڵێن ڕۆشنبیر. ڕەنگە کورد، بە بەراورد بە گەلانی تر، زۆرترین ژمارەی خەڵکی هەبێت کە خۆی بە ڕۆشنبیر لە قەڵەم بدات. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەم بونەوەرە بونی نیە. بەڵام لە هەمانکاتدا وەک گەلێکی دونیای سێ، پێویستییەکی زەق هەیە بۆ بونی. جەماوەر لە کۆمەڵگای وەهادا، پێکهاتەیەکە کە بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت دوبارە بکاتەوە، شتێکی پێ بڵێن و بیڵێتەوە. بێدەنگی لە ڕامان و ڕاڤەی ئەوەی لە سلێمانی ڕودەدات نیشانەی ئەوەیە کە جگە لە بۆقێکی دەسەڵاتە بچکۆلەکان، دەگمەنن ئەوانەی بتوانرێت پێیان بوترێت ڕۆشنبیر.

چوارهەم، دەستی دەرەکی. ئەوەی لە سلێمانی ڕودەدات هەتا ئێستا باس لە ڕۆڵی ئەمریکا و ئێران و تورکیا و پارتی و لایەنی عێراقی و هێزی تر کراوە و لە ڕۆژانی داهاتوشدا باس لە لایەنی تر دەکرێت. دەستی دەرەکی بونی هەیە، بە گشتی دوو جۆرە. یەکەم، ڕوداوەکە دەخولقێنێت، دووەم، کاتێک کە ڕوداوێک ڕودەدات دەستوەردەدات بۆ ئەوەی زیانی بۆ خۆی کەمکاتەوە و گەر بکرێت بە سودی خۆی بیشکێنێتەوە. بەڵام هۆکاری سەرەکی لایەنی دەرەکی نیە، بەڵکو نوخبەی کوردی دەبێت لە ئەوە تێبگات کە هیچ کەسێک بە تەنها ناتوانێت حوکم بکات، ئەگەر بیشیکات ئەوا کاتی دەبێت و پێویستی بە پشتیوانی دەرەکی دەبێت. ئەمە لە سەردەمی ئیمارەتەکانەوە وەهایە. بۆیە ئەو وانەیەی کە سیاسی کورد دەبێت فێربێت ئەوەیە کە بێدۆستە، بەکاردەبرێت و فریو دەدرێت. بەڵام نە نوخبە و نە خەڵک لە ئەو ئاستەدا نین لەم ئاڵۆزیانە تێبگەن. هێشتا وەها دەزانن کە ئێران دۆستی ئەم لایە و تورکیا دۆستی ئەو لایە و ئەمریکا دۆستی هەموە. کورد وەک لاوازێک دەبێت ئەوە بچێژێت کە بەهێز دەیەوێت، دەبێت زۆر وورد تیوسەدایدس بخوێننەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button