داعش هێرشی ئەنجامدا و ئەفسەرێکی کوشت

لڤین:

چەکدارانی داعش لە سنوری پارێزگای کەرکوک هێرشیان کردە سەر پێگەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ئەفسەرێکیان کوشت.

میدیاکانی عێراق، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی لە هێزەکانی عێراق، بڵاویانکردەوە شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشیان کردوەتە سەر هێزەكانی لیوای 11ی پۆلیسی فیدڕاڵی لەناحیەی ڕیاز لە باشوری کەرکوک.

ئاماژە بەوەشکراوە کە لە ئەنجامی هێرشەكەدا ئەفسەرێکی هەواڵگری بەناوی (عودەی بەسڕاوی) كوژراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە جموجۆڵی چەکدارانی داعش بەتایبەت لەسنوری گوندەکان و ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە تادێت زیاتر دەبن، هەروەها لە چەند رۆژی رابردووشدا، بەرپرسێکی هەواڵگری بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندبوو، داعش لە باشوری کەرکوک تا دەگاتە بێجی و سامەڕا، سەریهەڵداوەتەوە و چەکدارەکان سوودیان لە سروشتی ناوچەکە بینیووە کە گرد و چیا و سەوزایی هەیە، شوێنێکی ستراتیجییە و بیابانەکانیش لە رۆژئاواوە چەکدارەکان دەگەیەنێتە سوریا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button