قوباد تاڵەبانی: لەمەودوا بازاڕ ئازادتر دەبێت

لڤین:
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند، ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستوەردان بکات لە کاروباری بازرگانی و بازار قۆرخ بکات لەمەولا بازاڕ ئازادتر دەبێت.
قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کۆبووەوە و رایگەیاند: لەمەولا بازاڕ ئازادتر دەبێت و کێبەرکێی تەندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی دەستەبەر دەکەین و دەستوەردان بنەبڕ دەکەین.
ئەوەسی راگەیاند: حکومەت کارئاسانی دەکات بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت بەھێزتر بێت و ھاوکاربێت لەگەڵ کەرتی گشتی لە ڕەخساندنی ھەلی کار و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری.
تاڵەبانی وتیشی: چیتر ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستوەردان بکات لە کاروباری بازرگانی و بازار قۆرخ بکات، ئاماژەی بەوەشدا ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان دابینکردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی ھاوڵاتیانە و دەبێت خۆیان لە سیاسەت و ھەر بابەتێکی تر بە دوور بگرن.
باسی لەوەش کرد دەبێت فەرمانگەکانی حکومەت کارئاسانی بکەن لەپێناو ڕاییکردنی کاروباری بازرگانان، ئەوانیش وەک حکومەت بازاڕ ئازادتر دەکەن و کێبڕکێیەکی تەندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی و بازرگانان دەستەبەر دەکەن .