رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی:
لە شەش مانگدا 1146 کەس لەڕێی ئەوروپا خنکاون

لڤین:
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ئاشکرا کرد کە لە ڕێگای چوون بۆ ئەوروپا خنکاون و ڕایگەیاند، بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو ژمارەکە بۆ دوو بەرامبەر بەرزبوەتەوە و بەتەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانی کەم هەزار و 146 کەس لەئاودا خنکاون.
لەدواین راپۆرتی خۆیدا رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لەئاودا خنکاون زیاترە لە هەزار و 146 کەس، ئەمەش لە کاتێکدایە لەشەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردودا 513 کەس لەو ڕێگایەدا خنکاون.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە رێکخراوەکانی پەنابەران و رێکخراوە فریاگوزارییەکان لەکاتی ئەرکەکانیادا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بونەتەوە.
رێکخراوەکە ڕوونیشیکردوەتەوە کە زیادبوونی ژمارەی مردن لەکاتی کۆچی هاوڵاتیان لەکاتێکدایە چالاکی هێزەکانی پاراستنی سنورە ئاوییەکانی لیبیا زیادیکردوە بۆ رێگری لەکۆچی هاوڵاتیان، چونکە لیبیا دەروازەیەکی سەرەکیی کۆچی هاوڵاتیانی ئەفریقایە بۆ ئەوروپا.