به‌دواداچون بۆ شێواز و چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی ٢٠٠ ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدا دەکرێت

لڤین:

لیژنه‌ی دارایی و ئابوری په‌رله‌مانی كوردستان، داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات ڕونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی میكانیزمی خه‌رجكردنی ٢٠٠ ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدا بدات.

رۆژی 11ی ئه‌م مانگه‌، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌ چوارچێوه‌ی جێبه‌جێ كردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، یه‌كه‌مین بڕه‌ پاره‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵی ، كه‌ بڕی 200 ملیار دیناره‌، خرایه‌ سه‌ر ئه‌ژماری وه‌زاره‌ت.

ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ١٣ی تەمموزی ٢٠٢١ ) لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاندووە،” به‌ سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوه‌وه‌ وله‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێم و داهاته‌كان و باج و هاتنی ٢٠٠ ملیار دینار له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵیی عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كرا.”

له‌ به‌شێكی تری راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌،” دوای گفتوگۆكردن و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا له‌باره‌ی ئه‌و پرسانه‌، بڕیاردرا نوسراوێك ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر داهاته‌كانی هه‌رێم بدات به‌ لیژنه‌كه‌.”

لیژنەکە ئەوەیشی خستوەتە ڕوو،” لیژنه‌ی دارایی داوایكردوه‌، حكومه‌تی هه‌رێم ڕونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی هاتنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ و میكانیزمی خه‌رجكردنی بدات به‌ لیژنه‌كه‌، ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ش، لیژنه‌ بڕیاریدا ئاماده‌كاری بكات بۆ ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌.”

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button