ناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە کاردانەوەی لێکەوتەوە

لڤین:

ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی‌ عەسائیبی ئەهلی حەق، له‌به‌رامبه‌ر ناردنی‌ ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم‌و چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی‌ دیكه‌داوا له‌په‌رله‌مانتارانی‌ عێراق ده‌كات لێپێچینەوە له‌مسته‌فا كازمی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بكه‌ن.

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی‌ عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ١٣ی تەمموزی ٢٠٢١ ) لەتویتێکیدا داوایکردووە پەرلەمانتارانی‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق پرساندن‌و لێپێچینەوە له‌مسته‌فا كازمی‌ بکەن لەسەر دۆسیه‌ی‌،” ڕادەستکردنی پارەی گەلی عێراق بەدەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەپێچەوانەی‌ یاسای بودجەی‌ ساڵی 2021، چونکە نابێت پارە بدرێتە هەرێم هەتاوەکو ئەوەی‌ لەئەستۆیدایە ڕادەستی دەکات.”

یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌و دۆسیه‌یانه‌ی‌ كه‌ په‌رله‌مانتاران لەسەری لێپێچینەوە له‌مسته‌فا كازمی‌ بكه‌ن، بریتیە لە،” زۆربوونی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوەیه‌ لەنەخۆشخانەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی‌ شەوی ڕابردو نەخۆشخانەی حسێن لەزیقار گڕی گرت و بەهۆیەوە 96 توشبوی کۆرۆنا سوتان.”

هەروەها ئاماژەی بە چەند دۆسیەیەکی تر کردووە، لەوانە،” گرانی شتومەک لەبازاڕەکان‌و بەرزبونەوەی‌ نرخی دۆلار، کەمی‌و نەبونی خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت کارەباو جێبەجێنەکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا کە لەلایەن پەرلەمانی‌ عێراقەوە دەرچووە.”

خەزعەلی ئه‌وه‌شی‌ نوسیوه‌، “ئەگەر حکومەت ئامادە نەبوو یاخود شکستی بەمە هێنا، ئەوە گەل دەبێت قسەی‌ خۆی هەبێت، شۆڕشی برسییەکان بەڕێگاوەیە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button