دادگای هەولێر پرۆسەی دادگایکردنی پێنج چالاکوانەکەی دواخست

لڤین:
دادگای هەولێر بڕیاردانی دۆسیەی پێنج چالاکوانەکەی بادینانی بۆ 20ی ئەیلول دواخست، بەشداربووانی دادگاییەکەش دەڵێن: هیچ بەڵگەیەک لەدژی دەستگیرکراوەکان نەبووە و دەستگیرکراوان بێتاوانن.
ئەمڕۆ پێنج کەس لە چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی بادینان، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان موسا ئەحمەد و سلێمان کەمال سلێمان، چوونە دادگای هەولێر و لە لایەن دادوەرەوە بەتۆمەتی ئامادەکاریی بۆ “تەقینەوە و تیرۆر” دادگایی کران.
دوای نزیکەی چوار کاتژمێر لە دانیشتنی دادگا، دادگاییەکە دواخرا بۆ 20ی ئەیلولی داهاتوو.
پارێزەران و کەسوکاری دەستگیرکراوەکان کە ئامادەیی دادگاییەکەبوون لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختیان کردەوە، کە ئەو پێنج کەسە هیچ بەڵگەیەکی بەهێز لەدژیان نییە و پێویستە دادگا بریاری ئازادکرنیان دەربکات.
ئاماژەیان بەوەشکرد، دواخستنی بڕیاردان لەسەر کەیسەکە جۆرێکە لە سزا، چونکە هیچ کەسێک لە دانیشتنەکە لەدژی ئەو کەسانە شایەتی نەداوە و هیچ چەک و تەقەمەنییەکیشیان پێنەگیراوە لەکاتی دەستبەسەرکردنیاندا.
لای خۆیەوە عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان و بەشداربووی دانیشتنەکە رایگەیاند، ئەو پێنج راگیراوە سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردووەتەوە، ئەوان نەتەقینەوەیان کردووە نە هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای حزبەکان.
عەلی حەمەساڵح، وتیشی: نوێنەرانی دەزگا ئەمنییەکان دانیان بەوەداناوە کە ئەوان هیچ چەکێکیان پێنەگیراوە، جگە لەوەش پێنج کەس شایەتی داوە کە سەرجەمیان بێتاوانی ئەو کەسانەیان سەلماندووە.