دادگایکردنی پێنج چالاکوانی بادینان بەڕێوەدەچێت

لڤین:
دادگایکردنی پێنج کەسی دیکە لە چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی بادینان، لە دادگای دووی تاوانەکانی هەولێر بەڕێوەدەچێت.
دوای ئەوەی ڕۆژی 5ی ئەم مانگە، بە بیانووی ئامادەنەبوونی دادوەریی سەرەکیی، دانیشتنی دادگا دواخرا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەریەک لە عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان موسا ئەحمەد و سلێمان کەمال سلێمان، چالاکوانانی دەستگیرکراوی بادینان برانەوە دادگای دووی تاوانەکانی هەولێر، و لەبەردەم دادوەر ئامادەبوون.
لە پرۆسەی دادگایی کردنەکەدا کەسوکار، پارێزەر و بەشێک لە چالاکوانان و پەرلەمانتاران، ئامادەی دانیشتنەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ، دانیشتنی یەکەمی دادگاییکردنی چوار چالاکوانی دیکەی بادینان مەسعود عەلی حاجی، بەندەوار ئەیوب ڕەشید، کارگەر عەباس عەلی، شێروان تەها ئەمین، بەڕێوەچوو، بە گوێرەی زانیارییەکانیش ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەو چالاکوانانە براونەتەوە دادگا، بەمەبەستی شاهیدییدان لەسەر ئەو پێنج چالاکوانەی کە ئەمڕۆ دادگایی دەکرێن.