ژمارەی گیان لەدەستدان لە نەخۆشخانەکەی زیقار بۆ 61 کەس بەرزبوەوە

لڤین:
ژمارەی قوربانیانی ئاگرەکەی نەخۆشخانەی زیقار بەرزبووەوە و 61 کەس گیانیان لەدەستداوە وسەرۆک وەزیرانی عێراقیش ژمارەیەک بەرپرسی شارەکی لە کارەکانیان دورخستەوە.
شەوی ڕابردوو لە نەخۆشخانەیی ئیمام حسێن کە تایبەت بوو بە توشبوانی کۆرۆنا لە زیقار ئاگرێک کەوتەوە و بە پێی ڕاگەیاندنە فەرمیەکان 61 هاوڵاتی گیانیان لە دەستداو لە ناویاندا کارمەندانی تەندروستی تێدایە.
لە ئاکامی ئاگرەکەدا زیانێکی گیانی زۆر کەوتۆتەوە و تا ئێستا ژمارەیەک هاوڵاتی بێسەرو شوێنن و هاوکات بە دەیەها هاوڵاتی بە دروشم خوێندنەوە دژی حیزبە سیاسیەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ئەوان بە بەرپرسی یەکەم دەزانن لە بەرامبەر ئەم ڕوداوانەی بەسەر پارێزگاکەدا دێت.
هەر دوێنێ شەو نوسینگەی فەرمی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند کە سەرۆک وەزیران کۆبونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ وەزیرەکان و سەرکردە ئەمنیەکاندا کردووە کە تیایدا باس لە هۆکار و ئەنجامەکانی رووداوەکە کراوە و لە ئاکامی کۆبونەوەکەدا سێ بەرپرسی پارێزگاکە هەریەک لە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئیمام حسێنی فێرکاری و بەڕێوەبەری تەندروستی زیقار و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا ئەوانەی لە روداوەکەدا گیانیان لە دەستداوە وەک شەهید ناویان تۆمار بکرێت و بریندارەکانیش کە بارودۆخیان خراپە ڕاستەوخۆ ڕەوانەی دەرەوەی عێراق بکرێن.
ئەحمەد غەنی خەفاجی، پارێزگاری زیقار چەند بڕیارێکی دەرکرد، بۆماوەی سێ ڕۆژ دەوامی فەرمی ڕادەگیرێت لەو پارێزگایەو لیژنەیەکی باڵای پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە و دەستنیشانکردنی هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە.
بە پێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە بەراییەکان هۆکاری سەرەکی رووداوە بریتی بووە لە تەقینەوەی عەمبارێکی ئۆکسجین.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە عێراق سێ ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە ڕوویانداوە و بەهۆیەوە زیانی ماددی و گیانی لێکەوتۆتەوە.