یەکێتی بەمن چی ، بەڵام

لڤین: د. ئاسۆ محمود

بەشی یەکەم؛

خوێندنەوەیەک بۆ کاریگەری روداوەکانی ڕۆژی ۸ی تەموزو دواتری ناوخۆی یەکێتی لەسەر کایەی گشتی

من یەکێتی نیم و یەکێتی بە من هیچ، بەڵام دەبێت بزانین یەکێتی و پارتی تەنها حزبی سیاسی نین بەڵکو دەسەڵاتن و دەسەڵاتی رەها، دەسەڵاتێک کە بە هۆی بارودۆخێکەوە کە بۆیان گونجاوە، پارە، هێزی سەربازی، سەرجەم جومگەکانی کانتۆنێک کە پێی دەڵێن حکومەتی هەرێم لە دەستیاندایە، لەبەر ئەوە هەرگۆڕنکاریەک لە ناو ئەم جوت حیزبەدا روبدات بە چاک یان بە خراپ(ئەگەر چی هەتا ئێستا هەر خراپ ڕویداوە) ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر کایەی گشتی.

سەرەتا، بە بڕوای من ئەوەی کە ڕودەدات سیناریۆ نی یە، وەک ئەوەی کە هەندێک باسی دەکەن، ناکرێت و نابێت حیزبێک لەبەردەم هەڵبژاردنی پارلەمانیدا بێت و سەرۆکی لیستەکەی لەبەرچاوی یار و نەیار وردو خاش بکات، بێت و پێش نەیارەکانی بڵێت سەرۆکی لیستەکەمان ئاوت دەکرێت، یان سەرۆکی لیستی یەکێتی قاچاخچی یە، ئەمە چ لۆژیکێکە ، مەگەر ئەوەی کەسێک بیەوێت حیزبەکەی لەناو بەرێت.

ئەوە راستی یەکی حاشا هەڵنەگرە کە روداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی یەکێتی کێرڤی جەماوەری ئەو حیزبەی بەجۆرێک هێنایە خوارەوە کە کەس ئیرەی پێ نابات، یەکێتی یەکان لە هەردو بەرە ترساون، بەشێکیان هەر ئێستا ڕۆڵ و پێگەیان لەدەست داوە کە شوینکەوتەی لاهور تاڵەبانین، هەرچی لایەنگرانی پاڤڵ تاڵەبانین شاگەشکەی سەرکەوتن نین، چونکە لای پاڤڵ تاڵەبانی ئامۆزای تا دوێنێ برا، ئەمڕۆ هیچ نی یە، ئەمە بۆ هەمو دۆستەکانیتری ڕاستە.

هەرچی ئەندامانی سادەو لایەنگری یەکێتی یە شۆکبون، شۆکێک هەمو متمانەیەک بە نوێبونەوە و سەرکردەی نوێ وەک چەوی قدپاڵ هاڕەیکرد.

زۆنی سەوز لە زۆنی ئازادی و دیموکراسی زیاترە گۆڕا بۆ کۆریای باکور، حەقیقەتێک قوت بۆوە کە هەڕەشەی هێز لەناو یەکێتیدا ئەگەر لە پارتی زیاتر نەبێت کەمتر نی یە، ئێستا وێنەکە بە ڕونتر دەبینین کە ئەم دوحیزبە نەک ڕێزی دەنگدانی گشتی ناگرن بەڵکو هەڵبژاردنی ناوخۆی و کۆنگرەی حیزبەکانیشیان شانۆگەریە.

لەسەرو هەمو ئەمانەشەوە ( یەک بە هیچ بۆ پارتی) پێش هەڵبژاردن.

درێژەی هەیە……..

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button