چی ڕووئەدات؟

وەرگیراوە لە فەیسبووکی مەریوان وریا قانع
زیاد لە خوێنەرێک نامەی تایبەتیان بۆ ناردوم سەبارەت بە قسەنەکردن لەسەر ئەو دۆخەی ئەمڕۆکە لە ناو یەکێتی نیشتیمانی و شاری سلێمانیدا دروستبووە.
لە وەڵامی ئەو دۆستانەدا ئەم پەرەگرافەی خوارەوە دادەنێمەوە، کە دە ساڵێک لەمەوبەر نووسراوە و باس لە مەترسی منداڵانی خێزانە سوڵتانییەکانی ھەرێم دەکات:
منداڵانی خانەوادە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان: نارسیستە نوێیەکانی کۆمەڵگای ئێمە
”نەخشە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکانی ناو کوردستان سیستمێکی سیاسی دەسەڵاتگەر، ئەوتۆریتێریان، دروستیکردوە کە ڕۆژبەڕۆژ ئاکارە سولالی و خێزانیی و بنەماڵەییەکەی دیارتر و فراوانتردەبێتەوە.
گەر گۆڕانکاریی ڕاستەقینە و فرەلایەنیش لەو نەخشانەدا ڕوونەدات لە ١٠ ساڵی داھاتوودا کۆمەڵگای ئێمە گیر بەدەست نەوەی دووھەمی ئەم بنەماڵە سیاسییانەوە دەخوات.
نەوەیەک کە نە ئارەقی لە شۆڕشەکانی کوردستاندا ڕشتوە، نە ئاگای لە گۆڕانە گەورەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستانی ھەیە و نەسەریش لەو دونیایە دەردەکات کە بەدەوروبەریدا دروستبووە.
نەوەیەکی گەنج کە ژمارەیەکی زۆریان لەناو پرۆسەی بە ملیۆنێربوونی خێرای دونیای دوای ڕاپەڕیندا چاویانکردۆتەوە و لەوێدا دەوڵەمەند و گەورەبوون.
ئەم نەوەیە لە دونیایەکی نیو-لیبرالدا دەژی و تێکەڵ بە زۆرێک لە گەمە سیاسیی و ئابورییە مافیایی و نیمچەمافییایەکانی ئەم سیاسەتە نیو لیبرالە بووە و لەپاڵ ئەودا دەژیی و بەھێزدەبێت و بەھێزبووە.“
برگەیەک لە کتێنی ”لە چ ئێستایەکدا دەژین؟“، ساڵی ٢٠١٢ چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button