مەلا بەختیار هێرشی توند دەکاتە سەر نەوشیروان مستەفا

لڤین:

تێکۆشەرانی دێرینی ئاڵای شۆڕش، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاو کراوەتەوە تێیدا هێرشی توند دەکەنە سەر نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،”ئەوە گۆڕان بوو کە یەکێتی و هێزی دەڤەری سەوزی لاواز کرد و تەرازووی هێزی لە کوردستاندا لاسەنگ کرد، کەچی هاوسەرۆکی بەڕێز لاچاوێکی تێ نەگرتووە!

دەقی پەیامەکە

ئاڵای شۆڕش خەنجەری ژەهراوی نەبوو!

پەیامی تێکۆشەرانی ئاڵای شۆڕش، بۆ بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

کەرتبوون و جیابوونەوە و تەڵەزم لێکەوتنەوە، دیاردەیەکی دیاری نێو مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

جیابوونەوەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان، پاشی کارەساتی هەکاری، تەلاری ڕێکخراوەییی یەکێتیی لە سەرەوە بۆ خوارەوە شەق کرد و شەڕە خوێناوییەکانی نێوانی ئەم دوو هێزە، سەدان کادری کردنە قوربانی و یەکێتی و بزووتنەوەکەی لاواز کرد.

ڕەوتی ناڕازی و ئازادیویستی نێو دەروونی کۆمەڵە، ڕەوتێکی دیموکراتخواز و ڕیفۆرمیستی نێو کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کە سیاسەتی نادیموکراتی و دژەئازادیی سەرکردەکانی کۆمەڵە و یەکێتی، بە زۆر و زەبروزەنگ، لە تەلاری یەکێتی وەدەریان نا، بەشێک لە سەرکردەکانی زیندانی کران و پۆلێک پێشمەرگەی تێکۆشەریان لێ شەهید کرد.

ئاڵای شۆڕش، هێزێکی تۆڵەسێن نەبوو، یەک پێشمەرگەی یەکێتیش بە دەستی ئاڵای شۆڕش شەهید نەکرا و دەیشیتوانی بیکات!

ئاڵای شۆڕش تێشە و خەنجەری ژەهراوی نەبوو، ئەوە سیاسەتی ئەوساتی کۆمەڵە و یەکێتی بوو کە خەنجەری لە پشتی یەکێتی دا و سەدان کادر و پێشمەرگەی دڵسارد کردەوە و ڕیزەکانی شۆڕشیان پێ بەجێ هێشتن!

پاشی ڕاپەڕین، سەرکردە و کادرە دیارەکانی ئاڵا، لەگەڵ یەکێتی یەکیان گرتەوە و جێپەنجەی تێکۆشانی ئەوان لە سیاسەتی یەکێتیدا دیار و بەر چاوە!

ئەوی لە هەوڵی ڕووخاندن و لووشدانی یەکێتیدا بوو، ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و هەڤاڵەکانی بوون کە بزووتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند و یەکێتییان دووکەرت کرد و هێز و گوڕ و تینیان لێ زەوت کرد.

ئەوە گۆڕان بوو کە یەکێتی و هێزی دەڤەری سەوزی لاواز کرد و تەرازووی هێزی لە کوردستاندا لاسەنگ کرد، کەچی هاوسەرۆکی بەڕێز لاچاوێکی تێ نەگرتووە!

جیابونەوەی دکتور بەرھەم و دامەزراندنی ھاوپەیمانیش لەبەرچاوە.

ئێمەی تێکۆشەرانی دێرینی ئاڵای شۆڕش، لە ململانێی ئێستای یەکێتیدا شوێنێکمان نییە و نایشمان بێت، بەڵام داکۆکی لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خۆمان دەکەین، مێژوویەک کە شانازی پێوە دەکەین و دەستبەرداری نابین… خەباتێک کە لە پێناوی بزووتنەوەی چەپی کوردستان و خەڵکی بەشمەینەتدا بووە و هیچ مەبەستێکی تایبەتی بنەماڵەیی و کەسەکیمان نەبووە.

لە پاش کارەساتی هەکاری و لاوازبوونی یەکێتی، ئەوە ئەو سەرکردە و کادرانە بوون کە پاشتر ناوی ئاڵایان لێنان و زیندانی و پەرتەوازەیان کردن، لە سەرتاسەری کوردستاندا، ڕێکخراو و هێزە چەکدارییەکەی یەکێتییان ساز دایەوە!

تێکۆشەرانی دێرینی ئاڵای شۆڕش

١١ی تەمووزی٢٠٢١

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button